پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

:: PM:04:48:15/01/2019 ‌
سەرۆك بارزانی لەبارەی كۆچیی دوایی محەمەدی مەلا قادر پرسەنامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، مامۆستا محەمەد پێشمەرگەیەكی دێرین و كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەر بوو.

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی هاتووە، بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕی گەلەكەمان مامۆستا محەمەد مەلا قادرمان بیست. مامۆستا محەمەد پێشمەرگەیەكی دێرین و كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەر بوو كە ڕۆڵی لە خەباتی سیاسی و كاری حزبایەتیی گەلەكەمان و بە تایبەت لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی خەبات و مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان دیارە و لە كار و ئەركەكانیدا هەمیشە نموونەی دەستپاكی و ڕاستگۆیی و نیشتیمانپەروەری بوو.

لە پەیامەكەدا سەرۆك بارزانی دەڵێت، لەدەستدانی مامۆستا مەلا محەمەد خەسارەتێكی گەورەیە و بەو بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خۆم و خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و جەماوەری پارتی و خەڵكی كوردستان دەكەم. لەخودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا محەمەد بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی كانوونی دووەم، محەمەدی مەلا قادر پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم