نەخۆشخانەكانی سلێمانی تووشی كێشە بوون
بەهۆی مانگرتن و بایكۆتی كارمەندانی تەندروستی لەسەر كارەكانیان كێشە لە چەند بەشێكی تەندروستی سلێمانی دروستبووە و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار كارمەندی خۆبەخش هەیە و پێویستمان پێیانە.
ئەمڕۆ سێشەم 15ی كانوونی دووەم، محەمەد عەلی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كارمەند و خۆبەخشانەی كە بایكۆتی كارەكانیان كردووە و وازیان هێناوە وەك هەڵوەستەیەك لە بەرانبەر دامەزراندیان وەك گرێبەست و كارمەندی تەندروستی كێشەی لە بنكەو مەڵبەندە تەندروستییەكان دروستكردووە.
زیاتر گوتی، لە ساڵی 2013 ئەو كارمەندانە بە خۆبەخش كار دەكەن و لەو ساڵەیشەوە دامەزراندن راگیراوە و لەگەڵ ئەوەش بە سەتان كارمەند وازیان هێناوە و خانەنشین بوون و شوێنەكەیان بەجێ هێشتووە.
روونیشی كردەوە كە ئەو كارمەندە خۆبەخشانە ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزار كارمەند دەبێت و ئێستە ماوەی سێ رۆژە زیاتر لە نیوەیان بایكۆتیان كردووە و شوێنەكانیان بەجێ هێشتووە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دووپاتی لەوە كردەوە كە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی قسە كراوە بۆ ئەوەی ئەگەر دامەزراندێك هەیە بە گرێبەست ئەم كارمەندانە بكرێن و گرفتەكانمان چارەسەر بكەن.
ئێستە هەر یەكە لە بەشەكانی سووتاوی و هەناوی و قەستەرە و شكاوی زۆرترین كارمەندی خۆبەخشی لێیە و وازیان لە كارەكانیان هێناوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی
وشە -
سهرخێڵ هاشم