كۆنترین پاس كە هاووڵاتییانی گەرمیانی دەگواستەوە دۆزرایەوە

:: PM:05:33:15/01/2019 ‌
پاش زیاتر لە 60 ساڵ، تاكە پاسی گەرمیان كە بەشێكی دانەبڕاوە لە مێژووی گەرمیان، لەلایەن مامۆستایەكی زانكۆوە دەدۆزرێتەوە و لەلایەن بەرپرسانی گەرمیانیشەوە بەڵێن دراوە پارێزگاری لێ بكرێت و لە شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقینەوە، بهێنرێتەوە بۆ گەرمیان.

میقداد حەسەن شاكەلی مامۆستای زانكۆی گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پاش ئەوەی بەدواداچوون و گەڕانێكی زۆری كرد لەسەر پاسەكەی حاجی حەسەن كە مێژوویەكی درێژی هەیە لە گواستنەوەی هاووڵاتییان، بۆی دەركەوت كە ئەو پاسە لە سنووری شارەدێی گوڵاڵەیە و هێشتا ماوە.

ئەو دەڵێت "ئەوەی هۆكار بوو كە بەدواداچوون لەسەر ئەو پاسە بكەم، ئەوەبوو كە بەر لە نیو سەدە تەنیا ئۆتۆمبێل بووە كە هاووڵاتییانی گەرمیانی گواستووەتەوە، بۆیە تەواوی داودەزگاكانی ئیدارەی گەرمیانم لە دۆزینەوەی پاسەكە ئاگادار كردووەتەوە كە دەكرێ هەوڵ بدرێ وەك بەشێك لە شوێنەوار بهێنرێتەوە بۆ گەرمیان. بەرپرسانی گەرمیانیش بەڵێنیان داوە ئەو پاسە كۆنە لە حاجی حەسەن بكڕنەوە و بیهێننەوە بۆ گەرمیان."

سەركۆ محەمەد جاف كە كەسێكی شارەزایە لە ناوچەكە، ئەو دەیگێڕێتەوە، "حەسەن فەرەج حەمەخان باوەكر لە ساڵی 1933 لە گوندی قەرەبڵاخی زەنگاباد لە دایك بووە، باپیرەی لە ناوچەی زەنگەنە و لە گوندی باوەكرەوە هاتووەتە ئەم ناوچەیە و گوندی باوەكر لەلایەن باپیرەی حاجی حەسەن ئاوەدان كراوەتەوە. حاجی حەسەن پیاوێكی ناودار و كەسایەتییەكی خۆشەویستی ناوچەی گەرمیان بووە، ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاكان, پاسێكی جۆری ڤاڵڤۆی هەبوو، ئەوكات سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرباز و حەرەس قەومی و جاش و كەسانی چەكدار زۆر بوون، لە گوندی شێخ لەنگەرەوە تا سەرقەڵا بە دەستی پێشمەرگەوە بوو، لە سەرقەڵایش جاش و سەرباز و  ئەمن و پۆلیس هەبوون،  ئیتر ئەو ناوچەیە چەكداری زۆری لێ بوو.

زیاتر گوتی، پاسەكەی حاجی حەسەن هەموو بەیانییەك لە گوندی شێخ لەنگەرەوە دەردەچوو، بەسەر گوندی گێژەكان و گردەگۆزینەوە و بنگرد و كەلاری كۆن و زۆر گوندی تر تێدەپەڕی و دەگەیشتە شارۆكەی كفری، خەڵكەكە دەهاتنە سەر شەقامەكە و هەڵیدەگرتن. ئەگەر كەسایەتییەك نیازی شاری هەبووایە، دەبوو ڕۆژی پێشتر ئاگاداری حاجی حەسەنی بكردایە. پشتەوەی پاسەكەیش بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر و دانەوێڵە و تەنانەت بۆ پشقلیش شوێنێك دەستنیشان كرابوو، ئەو هەموو خەڵكە لەو پاسەدا جێیان دەبووەوە.

بەگوتەی سەركۆ محەمەد، پاسەكە وەك رۆژنامەیەك وابوو كە هەموو رۆژێك دەردەچوو و زانیاریی نوێی بڵاو دەكردەوە، كێ‌ مردووە، كێ‌ ژنی هێناوە، كێ‌ شووی كردووە، كێ‌  بۆ حەج چووە، باسی سلێمانی و خانەقین و بارانبارین و وشكەساڵی و هەموو شتێكی لێ باس دەكرا.
سەرلەبەیانی دەردەچوو و لە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ دەگەڕایەوە، لە ناو شارۆكەی كفریدا مام عەباسێك هەبوو بە بازاڕدا دەگەڕا و بە دەنگی بەرز بانگی دەكرد "مەخلووق خەڵكینە پاسەكەی حاجی حەسەن دەردەچێ فریا بكەون"، بۆیە ئەگەر كەسێك دوا بكەوتایە، ئەوا بۆ سبەی دەمایەوە.

ئەو لەبارەی سروشتی حاجی حەسەنیشەوە ئاماژەی دا، حاجی حەسەن بەزمانێكی شیرین و هەڵسوكەوتێكی نەرمونیان لەگەڵ خەڵك هەڵسوكەوتی دەكرد, ڕەوشت و ئاكارەكانی بووبوونە هۆی زیاتر ڕێز و خۆشەویستیی نێوان ئەو و جەماوەری ناوچەكە و هەموو كەسێك‌ شەرمی لێ‌ دەكرد.

 بەپێی ئەو باسانەی كە لە گەرمیان هەیە، حاجی حەسەن ڕۆژی 30/3/2005 بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە كۆچی دوایی كردووە بەڵام نەك بەو پاسە، بەڵكو بە ئۆتۆمبێلێكی تر كە خۆی شۆفێری نەبووە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی




وشە - تایبه‌ت