پەیام و مەبەستی گەشتەكەی پۆمپیۆ بۆ ناوچەكە چی بوو؟

:: PM:06:02:15/01/2019 ‌

بەم دواییە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەشتێكی دوای یەكی بۆ نۆ لە وڵاتانی كەنداو و عەرەبی ئەنجام دا، ئەو لە دۆحە لە قەتەڕ رای گەیاند كە خۆی و سەرۆك ترەمپ وای بۆ دەچن كە ناكۆكییەكانی كەنداو زۆریان كێشاوە، بۆیە ئەگەر بە یەكگرتووی كار بكەن بەهێزتر دەبن و رووبەڕووی كێشەكانی ناوچەكە و دنیا دەبنەوە و سەرەتاش ئێران، وەك ئاماژەیەك بۆ پلانی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك لەدژی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لێدوانەكانی لەبارەی گەشتەكەی پۆمپیۆ، پێدەچێت ئێران پەیامەكەی ئەمەریكا تێگەیشتبێت و نیگەرانیشە لە ئەنجامەكانی، بۆیە بەهرام قاسمی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ ناوچەكە نیازی باشی لەپشت نییە و ئەوان دەیانەوێ ئاڵۆزی و پشێوی لە ناوچەكە دروست بكەن، بۆیە پۆمپیۆ لە گەشتەكەیدا كار بۆ بڵاوكردنەوەی گیانی دوژمنكارانە لەبەرانبەر ئێران دەكات.

گەشتەكەی دوایی پۆمپیۆ نۆ دەوڵەتی عەرەبی گرتەوە ئەوانیش وڵاتانی كەنداو و عێراق و میسر و ئوردن، مەبەستی سەردانەكە رەوانەكردنی پەیامی گرنگی سیاسی و دیاریكردنی هەڵوێستی روونی ئەوان و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی ستراتیجی و لێكگەیشتن لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ لەگەڵ هاوبەشانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بوو، بەتایبەتی دوای ئەو مشتومڕەی بڕیارەكەی دوایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دروستی كرد و ئەو قسە و باسانەی لەبارەی رێكخستنەوەی ناوچەكە دروست بوون، بۆیە هەموو ئەوانە رەنگە ئاماژەیەك بن بۆ ئەوەی ناوچەكە لە گۆڕانكارییەكی گەورە لە دوای گەشتەكەی پۆمپیۆ نزیك دەبێتەوە، كە تەنیا دۆسیەی سووریا و لێكەوتەكانی لەخۆ نەگرت، بەڵكو چەندان پرسی تری گرتەوە كە ئەوانەی خوارەوەن: 

1-هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئۆباما، پۆمپیۆ لە گەشتەكەیدا بە قووڵی تۆمەتی ئاراستەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كرد بەوەی بەرپرسیارە لە لەو پشێویەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بەهۆی شكستهێنانی گونجاو لە رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیان. ئەو گوتی، سەرۆكی پێشوو بە خراپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشت و دەستبەرداری بوو، بۆیە ئەمەریكا و دنیای ئیسلامی پێویستیان بە سەرەتایەكی نوێیە. 

2-دووپاتكردنەوەی بەهێزی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە، پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە كاركردن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو بەرپرسان لە كوشتنی جەمال خاشقچی بەردەوام دەبێت و پێوەندییەكانی ئەمەریكا و سعوودیەیش بۆ ئەمەریكاییەكان زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و ئاسایشەكەی، بۆیە سعوودیە هاوپەیمانێكی سەرەكیی ئەمەریكایە و لە هاوبەشیمان بەردەوام دەبین.

3-تەنگژەی قەتەڕ، بۆ ئەمەریكا كۆتاهێنان بە تەنگژەی قەتەڕ كە لە حوزەیرانی 2017 دەستی پێ كردووە بۆ سەرخستنی پلانەكەی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی ستراتیجی لە ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران زۆر گرنگە، بۆیە ئیدارەی ئەمەریكا داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەكات كە هەنگاوی نوێ باوێن و یارمەتی بدەن بۆ پتەوكردنی هاوپەیمانی ستراتیجی لە ناوچەكە. كە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەمەریكا لووتكەیەكی نێودەوڵەتی لە پۆڵەندا ساز بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی فرەوانخوازی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پۆمپیۆ باسی كرد. 

4-یەكێتی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشەكان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لە پێویستی پاراستنی یەكێتی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكە ئەویش ئێرانە.

5-پاشەكشەكردنێكی بەهەنگاو و تەكتیكی رێكخراو لە سووریا، پۆمپیۆ دەڵێت، ئەمەریكا سوورە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری پاشەكشەكردنی بە هەنگاو لە سووریا بە هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق، بۆیە ئەمەریكا گەشبینە بە دابینكردنی پاراستن بۆ كورد لە سووریا و هاوكات رێگەدان بە توركیا بۆ پارێزگاریكردن لە وڵاتەكە لە تیرۆریستان. 

6-ئەمەریكا ناوچەكە جێ نایەڵێت، پۆمپیۆ ئاماژەی كرد كە ئەمەریكا ناوچەكە جێ نایەڵێت و ئەوە بۆ هاوبەشانمان دووپات دەكەینەوە.

7-پاڵپشتیكردن لە هەوڵەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن، پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەموو لایەنەكانی بەشدار لە كۆنگرەی سوید بۆ ئاشتی لە یەمەن پابەند بن بە رێككەوتننەكان، بەتایبەتی ئاگربەست و دووبارە بڵاوكردنەوەی هێز لە پارێزگای حودەیدە. 

8-هێرشەكانی سەر داعش بەردەوام دەبن لەگەڵ دەركەوتنی ئامانجەكانیان، پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە واشنتن سوورە لەسەر بەردەوامی لە هێرشە ئاسمانییەكانی لەدژی داعش لەگەڵ دەركەوتنی هەر ئامانجێكیان.

9-پاراستنی ئوردن و مسۆگەری سەقامگیری ناوخۆیی، پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە واشنتن سوورە لەسەر پاراستنی ئوردن و وڵاتانی ناوچەكە لە مەترسییەكانی ئێران و پاشەكشەكردنی هێزەكانیش لە سووریا كار ناكاتە سەر ئەو بابەتەوە، بۆیە واشنتن هەروەها پابەندە بە پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی ئوردن كە ئەو وڵاتە رۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكە دەگێڕێت.

10-نەهێشتنی ئاكار و رەفتارەكانی ئێران، پۆمپیۆ داوای لە هەموو وڵاتانی هاوبەشی ئەمەریكا لە ناوچەكە كرد كە بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی چالاكییە خراپەكارییەكانی ئێران و رێگرتن لێ لە بڵاوكردنەوەی تیرۆر لە دنیا، گرنگە كە قەناعەت هەبێت بەوەی داعش و شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران مەترسی گەورە لەسەر ناوچەكە دروست دەكەن، بۆیە وڵاتەكەی هەوڵەكانی دیپلۆماسی و دارایی زیاتر دەكات بۆ فشاركردنی زیاتر بۆ سەر ئێران بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزاكانی كە بەسەر ئێرانی راگەیاندووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل