داهاتووی ئابووری به‌ریتانیا له‌ ژێر ره‌حمی ده‌رچوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا چی ده‌بێ؟

:: AM:08:10:16/01/2019 ‌
سیسته‌می سیاسی له‌ به‌ریتانیا به‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانییه‌وه‌ تا ئێسته‌ كۆك و هاوڕا نین له‌سه‌ر ده‌رچوونی وڵاته‌كه‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش یه‌كێتی ئه‌وروپا هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌واو به‌ له‌نده‌ن ده‌به‌خشن له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ده‌رچوون له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ڵام دووباره‌ دانوستاندن بۆ مانه‌وه‌ و ده‌رچوونی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی هاتووه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو له‌ ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ئابووری ئه‌و وڵاته‌ چی به‌سه‌ر دێ و داهاتووی چۆن ده‌بێ؟

ئابووری به‌ریتانیا دوای ڕاپرسی ده‌رچوون له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌ستی به‌ هه‌نگاوی نه‌رم و له‌سه‌رخۆ كردووه‌ و به‌ خێرایی پێش ناكه‌وێ، به‌ڵكوو به‌ قورسی زۆره‌وه‌ پێش ده‌كه‌وێ، ئه‌مه‌یش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ داكشانی ناوچه‌ی یۆرۆ له‌ 2008ه‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ ناوچه‌ی یۆرۆ ڕوو له‌ گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌، كه‌چی به‌ریتانیا له‌سه‌رخۆ پێش ده‌كه‌وێ، ئه‌مه‌یش كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌نده‌ن و له‌ داهاتووی ئابووری وڵات ده‌ترسن، ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا جیا ببنه‌وه‌.

كاتێك بابه‌ته‌كه‌ پێوه‌سته‌ به‌ ئابووری نوێ بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، دروشمه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ناتوانی به‌سه‌ر كێشه‌كان زاڵ بیت، ده‌توانیت باجی بخه‌یته‌سه‌ر، له‌ ساڵی نوێ فڕه‌نسا ده‌ستی به‌ سه‌پاندنی باجی زیاتر كرد بۆ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌كو گووگڵ و ئه‌پڵ و فه‌یسبووك و ئه‌مه‌زۆن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ كۆمپانیایه‌كی ئه‌و وڵاته‌ توانای كێبه‌ركێی كاڵاكانی ئه‌و كۆمپانیانه‌یان نییه‌، تا به‌ سه‌ر كاڵاكانی ئه‌وان زاڵ بن، به‌ڵام ئه‌مه‌یش كاردانه‌وه‌ی به‌ دوادا هاتوو و هێله‌گ زه‌رده‌كان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و به‌رزكردنه‌وه‌ی باج خه‌ڵكی به‌ ته‌واوی تووڕه‌ كردووه‌.

له‌ ساڵی ڕابردوو یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ بڕی 4.34 میار یۆرۆ سزای به‌سه‌ر كۆمپانیای گووگڵ سه‌پاندووه‌، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌وروپپیه‌كان ده‌بێ باجی ئه‌وه‌ بده‌ن، كه‌ ئاپه‌كانی سیسته‌می ئه‌ندرۆید زۆر به‌ گرانتر داونلۆد بكه‌ن، ئه‌مه‌یش خه‌ڵكی وڵاته‌كانی بێزار كردووه‌. هاوكات ئێسته‌ چوون و هاتنی كاڵا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هیسرۆی به‌ریتانیا به‌ ته‌واوی كراوه‌یه‌ و هیچ باجێكی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی به‌ریتانیا باجی ته‌واو ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ر كاڵایه‌ك له‌و وڵاته‌وه‌ بێت. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا باج به‌سه‌ر ئۆتۆمبێل ده‌سه‌پێنێت و ناوچه‌ی میدلاندزی نێوان ئینگلیز و فڕه‌نسا به‌ ته‌واوی جیا ده‌كرێنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتی یه‌كێتی ئه‌وروپایش له‌سه‌ر به‌ریتانیا ده‌پچڕێنرێت، سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی شتێكی تره‌، به‌ڵام وه‌ك ئامانج له‌ پێش یه‌كێتی ئه‌وروپادایه‌.

پێشبینی شاره‌زایانی ئابووری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارییه‌كه‌ به‌ ده‌ست ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ ده‌بێ، كه‌ زیاتر له‌ ڕووی ته‌كنه‌لۆجیا پێشكه‌وتوو ده‌بن، بۆیه‌ حكوومه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ چڕی و خێرایی ده‌ستیان به‌ په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیا كردووه‌ و خێراتر له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی تری دنیا گرنگی به‌ پێشخستنی كه‌رتی ته‌كنه‌لۆجیا ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئێسته‌ ژاپۆنییه‌كان تاكه‌ وڵاتن كه‌ ڕكابه‌ری ئه‌وروپا ده‌كه‌ن.

ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ دنیا باوه‌، ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلێكی باشت ده‌وێ بچۆ بۆ ئه‌ڵمانیا، ئه‌گه‌ر ده‌شته‌وێ سیسته‌مێكی ڕێ و بانی زۆر پێشكه‌وتوو و بێ كێشه‌ت هه‌بێ و سیسته‌می هاتوچۆت زۆر مۆدێرن بێ، ئه‌وا بڕۆ كالیفۆرنیای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌نده‌ن له‌ نێوانی هه‌ردوو شارستانییه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ سوودی زۆری بینیووه‌، به‌رده‌وام گه‌شه‌ی به‌ ئابووری خۆیدایه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی ده‌ریایی و ئاسمانی بووه‌ له‌ نێوان ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا.

ئێسته‌ ئابووری ئه‌وروپا له‌ هه‌موو كاتێك جێی متمانه‌تره‌، بۆیه‌ ده‌رچوونی به‌ریتانیایش ده‌بێته‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ، ئه‌وروپییه‌كان له‌ ئێسته‌وه‌ خۆیان بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ له‌نده‌ن و داهاتووی ئابووری خۆیان داده‌ڕێژن، به‌ریتانیایش تا ئێسته‌ دوو دڵه‌ و له‌و بڕوایه‌دا نییه‌ توانای تاكه‌كان و كۆمپانیاكان و دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی ئابووری وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و گه‌شه‌ی زۆر خێرا و پێشكه‌وتنی بێ ئه‌ندازه‌ ببه‌ن.

ترسێكی تری به‌ریتانیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وروپا سیاسه‌تی ناپۆلیۆن پۆناپه‌رت به‌سه‌ر له‌نده‌ن بسه‌پێننه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، هه‌موو ئه‌وروپای ناچاركرد گه‌مارۆی ئابووری بخه‌نه‌ سه‌ر به‌ریتانیا، به‌وهۆیه‌وه‌ به‌ریتانیا زۆر داخ له‌ دڵ بوو به‌رانبه‌ر به‌ فڕه‌نسا، له‌ جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان به‌ ته‌واوی هه‌وڵیدا ئابووری فڕه‌نسا وێران بكات، به‌ڵام ئه‌ڵمانیا شوێنی فڕه‌نسای گرته‌وه‌ و بوو به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین ئابوورییه‌كانی ئه‌وروپا و دنیا، ئه‌مه‌یش جارێكی تر سه‌رئێشه‌ی بۆ له‌نده‌ن دروست كردووه‌ته‌وه‌. ئێسته‌ ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وروپا گه‌مارۆ و باجی زۆر بخاته‌ سه‌ر بازرگانی نێوان به‌ریتانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌نده‌نیش پێویستی به‌ بازرگانیكردنه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زیانی یه‌كجار زۆر ده‌كات.

داهاتووی ئابووری له‌نده‌ن به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی برۆكسل و به‌رلین، دوای جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێ گه‌شه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی به‌ریتانیا دوای ده‌رچوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا زۆر بخایه‌نێت، بۆیه‌ ئێسته‌ پلانی تری له‌نده‌ن ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر قه‌واره‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێ به‌رلین یان پاریس بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌ ته‌واوی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه‌ و ناكرێ ئه‌و دوو وڵاته‌ پاره‌ به‌ وڵاتانی یۆنان و ئیتاڵیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ببه‌خشن كه‌ ئابوورییه‌كه‌یان لاوازه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وروپایان له‌ هه‌ره‌س نزیككردووه‌ته‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د