ئەمڕۆ شیعە و سوننە بۆ ئاشتەوایی كۆ دەبنەوە

:: PM:04:19:26/12/2016 ‌

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم بۆ تاوتوێكردنی راستەوخۆی تێبینییەكانیان لەبارەی پڕۆژەكەی عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی لە عێراق، نوێنەرانی سوننە و شیعە لە بەغدا كۆ ببنەوە.

لە تشرینی یەكەمی رابردوو عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چیای زەرتك رای گەیاند كە هاوپەیمانییەكەی پڕۆژەیەكی یەكلاكردنەوەی سیاسی مێژوویی بەدەستەوەیە بۆ قۆناغی دوای داعش كە دوای جەنگی مووسڵ دەستی پێ دەكرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەركردەیەكی سوننە لە یەكێتی هێزە عێراقییەكان، سەعات حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی جبووری لە بەغدا مێوانداری عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی و شاندی هاوپەیمانیەتییەكە دەكرێت.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی هاوپەیمانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سوننە) و ژمارەیەك لە كەسایەتی و ریشسپیانی سوننە ئامادە دەبن.

عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لای خۆیەوە دووپاتی كردەوە كە هەریەك لە ئێران و ئوردن پاڵپشتی لە پڕۆژەكەی هاوپەیمانیەتییەكەی دەكەن بۆ یەكلاكردنەوەی سیاسی لە عێراق، لەو كاتەی كازم شمەری كە پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی وەتەنییەیە رای گەیاند كە پڕۆژەكەی حەكیم هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ بەڵێننامەی شەرەف كە پێشتر ئیمزا كراوە یان هەر رێككەوتننامەیەكی ئاشتەوایی پێشتر نییە.

هێزە سوننەكانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە یەكلاكردنەوەی سیاسی لە عێراق ناكرێت لەسەر بنەمایەكی تایفی بێت، بەڵكو پێویستە ستراتیجییەتێكی نوێ لەخۆ بگرێت كە هاوبەشانی پرۆسەی سیاسی دڵنیا بكاتەوە و خاڵە گرنگەكانی ئاشتەوایی نیشتمان دووپات بكاتەوە.

رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سوننە لەوبارەوە رای گەیاند كە دووشەم نوێنەرانی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان (سوننە) و هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) بۆ باسكردنی پڕۆژەی ئاشتەوایی سیاسی و بنەماكانی كۆ دەبنەوە. دووپاتی كردەوە كە نابێت پڕۆژەكە لەسەر بنەمایەكی تایفی بنیات بنرێت، بەڵكو لەسەر بنەمایەكی ستراتیجی دڵنیاكار بێت بۆ هەمووان.

سەرچاوە: مەوازین نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل