هیندستان بە سەركەوتوویی مووشەكێكی دوورهاوێژی تاقی كردەوە

:: PM:04:45:26/12/2016 ‌

سوپای هیندستان مووشەكێكی دوورهاوێژی جۆری بالستیكی بە سەركەوتوویی تاقی كردەوە كە یەكێكە لە پێشكەوتووترین مووشەكەكانی هێزی بەرگریی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، ئاژانسی هەواڵی BBC ئاشكرای كرد، ئێوارەی ئەمرۆ سوپای هیندستان لە نمایشێكی سەربازیدا مووشەكی بالستیكی جۆری " ئەگنی فایڤ "ی تاقی كردەوە و تیایدا سەركەوتنی بەدەست هێنا.

مووشەكی ئەگنی فایڤ دووری پێنج هەزار كیلۆمەتر دەبڕێت و لە رێگەیەوە هیندستان دەتوانێ هەر خاڵێكی كیشوەری ئاسیای ئامانج بێت، بەو مووشەكە دوورهاوێژە بیپێكێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرای كردووە، هیندستان ئەو مووشەكەی بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەكی چین تاقی كردووەتەوە و دەتوانێ بە ئاسانی هەموو شار و پارێزگاكانی ئەو وڵاتە بكاتە ئامانج.

هیندستان چوار ساڵ لەمەوبەر دەستی كرد بە دروستكردنی مووشەكی ئەگنی فایڤ و ئەمڕۆ توانی بە سەركەوتوویی ئەو مووشەكە بخاتە ریزی چەكە قورسەكانی سوپاكەیەوە كە توانای هەڵگرتنی كڵاوی ئەتۆمی هەیە.

حكوومەتی هیندستان بە سەرۆكایەتی نارندار مودی، سەرۆك وەزیران بودجەیەكی زۆری بۆ بووژاندنەوە و بەسەردەمیكردنی چەكوچۆڵە سەربازییەكانی تەرخان كردووە و نیازی هەیە ببێت بە یەكێك لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی دنیا لە بواری چەكوچۆڵی سەربازییەوە.

سەرچاوە/BBC


وشە - هیدایه‌ت جان