ئه‌و كوڕه‌ى به‌ مۆبایل هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ كچان ده‌كرد چی لێ كرا؟

:: AM:11:39:16/01/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای دەكات، كەسێكیان گرتووە كە بە مۆبایل هەڕەشەی لە كچێكی تەمەن 20 ساڵ كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاوی كردۆتەوە، كەسێكیان گرتووە كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی دەكرد لە كچێكی تەمەن 20 ساڵ.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد تۆمەتبارێكیان گرتووە كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لە كچێك كردبوو.

ئاماژە دراوە، دوای ئەوەی كچێكی تەمەن 20 ساڵ سكاڵای تۆمار كرد لە دژی كوڕێك دانیشتووی شاری هەولێر كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لێ كردبوو، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كرد و توانییان تۆمەتبار بهێننە شاری سلێمانی كە دانیشتووی هەولێرە و بیگرن.

ئەوەیش هاتووە، ئێستە تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەگوێرەی‌ مادەی دووی مۆبایل ڕاگیراوە و ددانی ناوە بەتاوانەكەیدا.

بڵاو كردنەوە و هەڕەشەكردن لە كچان لە ڕێی مۆبایل لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە و چەند ڕۆژی رابردوو دەزگەی "وشە" جۆرە فێڵێكی بڵاو كردەوە كە لە كچان دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد