شۆفان سەرچاوەی وزەیە، یەكێكە لە دانەوێڵە تەواوەكان و بەهای خۆراكی زۆری تێدایە ئەگەر شۆفان لە ژەمە خۆراكییەكاندا هەبێت، بەردەوام هەست بە باشتركردنی تەندروستیت دەكەیت، بێگومان شۆفان وەك هەرخواردنێكی تر چەندان سوودی تایبەت بەخۆی هەیە.
لێرەدا باس لە گرنگترین سوودەكانی شۆفان دەكەین بۆ تەندروستی لەش.
یەكەم: تەندروستی دڵ باشتر دەكات، ئەو خۆراكانەی كە سەرچاوەیەكی باشی ریشاڵی تواوەیان تێدایە تەندروستی دڵ باشتر دەكەن، شۆفان بڕێكی زۆر پۆتاسیۆم و كالیسیۆمی تێدایە كە پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە. بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری ئەمەریكی بڵاو كراوەتەوە، دەركەوتووە كە شۆفان رێ لە نەخۆشییەكانی دڵ دەگرێت بەهۆی ئەو ریشاڵە تواوەی كە تێیدایە.
دووەم: كێشی لەش كەم دەكاتەوە، بەپێی چەندان توێژینەوەی پزیشكی خواردنی شۆفان هەستی برسییەتی كەم دەكاتەوە بەمەیش وا دەكات بیر لە خواردن نەكەیتەوە، بەم هۆیەشەوە كێشی لەش كەم دەكاتەوە.
سێیەم: پڕە لە پێكهاتەی خۆراكی و تەندروستە، شۆفان هیچ جۆرە چەورییەكی تێدا نییە تەنیا پێنج گرام پرۆتینی تێدایە هەروەها چەندان كانزای تێدایە وەك ئاسن و مس و فۆسفۆر و زینك.
چوارەم: وزەی زیاتر بەلەش دەدات، ئەگەر لە سەرەتای رۆژدا شۆفان بخورێت، ئەوا بە درێژیی رۆژ ئەو وزەیەی وەرتگرتووە لە رێی شۆفانەوە لە لەشتدا دەمێنێتەوە، وا دەكات لەش وزەی زیاتر وەربگرێت و چالاكی جەستەی زیاتر بێت.
پێنجەم: رێ لە نەخۆشیی شەكرە دەگرێت، بەهۆی كەمی گلیسمیك لە شۆفاندا توانای كەمكردنەوەی شەكری خوێنی هەیە و یارمەتی گەدە دەدات لەسەر خۆ كرداری هەرس ئەنجام بدات. بەمەش كار لە شەكرە و كاریگەری ئەنسۆلین دەكات. بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان كەمی گلیسمیك یارمەیتی كەمكردنەوەی بەرگری ئەنسۆلین دەدات و بەتایبەتی كاریگەری هەیە لەسەر شەكرەی جۆری دووەمی.
شەشەم: پێست دەپارێزێت، شۆفان وەك هێوركردنەوەیك بەكار دەهێنرێت بەتایبەتی بۆ پێست، چونكە توانای كەمكردنەوەی ئەو نیشانانەی هەیە كەلەسەر پێست دەردەكەوێت بەتایبەتی لەكاتی خۆدانە بەر تیشكی خۆر و هیلاكی پێستدا.