برێكزت كۆتایی بە مای دێنێت.. سیناریۆكان دواتر چین و یەكێتیی ئەوروپا چی دەڵێ؟

:: PM:02:59:16/01/2019 ‌
 دواجار وەك چاوەڕوان دەكرا پەرلەمانی بەریتانیا رێككەوتنی برێگزتی رەت كردەوە، بەمەش لە یەك كاتدا هەم حكوومەتەكەی مای خستە لێواری سەندنەوەی متمانە و هەم یەكێتیی ئەوروپای نیگەران كرد. سیناریۆكانی دوای رەتكردنەوە خۆی لە سەندنەوەی متمانە لە مای و هەڵبژاردنی پێشوەخت و راپرسی لەسەر رێككەوتنەكە دەبێنێتەوە.

ماوەی چەند مانگێكە بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا سەرقاڵی دەرئەنجامی بڕیاری راپرسی چوونە دەرەوەی بەریتانیان لە یەكێتییەكە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەردوولایەن رێكخرا كە بە برێگزت ناوی دەركردووە و لە 585 لاپەڕە پێك دێت.

ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە هەرزوو لە ئاستی پەرلەمانی بەریتانیا رەت كرایەوە، ئەگەرچی تیریزا مای خستەڕووی رێككەوتنەكەی لە مانگی رابردوو بۆ دوێنێ سێشەم 15ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، بۆ بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی دواخست، لەم ماوەیەشدا وچانێكی زۆری دا بۆ رازیكردنی لیستەكانی ناو پەرلەمان بەڵام دەرئەنجام لیستەكانی ناو پەرلەمان زۆرینەیان پێداگیر بوون لەسەر رەتكردنەوەی رێككەوتنامەكە، كە دوێنێ دەنگدانی لەسەر كرا و 432 پەرلەمانتار دژی وەستانەوە و تەنیا 202 پەرلەمانتار نەبێت بە بەڵێ دەنگیان بۆ دا.
 
رەتكردنەوەی چوونە دەرەوە لە یەكێتیی ئەوروپا، لە یەك كاتدا حكوومەتی بەریتانی و یەكێتیی ئەوروپای خستە بەردەم چەندان سیناریۆ، رەنگە یەكێتیی ئەوروپا بە پشتبەستن بە مادەی 50ی پەیماننامەی لشبۆنە، پرسی چوونە دەرەوەی بەریتانیا بۆ ماوەی چوار مانگی تر دوا بخات، بەڵام ئەو پرسە بۆ ناوخۆی بەریتانیا جیاوازە.

سیناریۆكان ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەر یەكێتیی ئەوروپا ئەو پرسە دوا نەخات، ئەوا حكوومەتی بەریتانی پێویستی بە كاتی زیاتر دەبێت و دەبێ یەكێتیی ئەوروپا ئاسانكاری بۆ بكات تا دۆخەكە نەگات بە بنبەست.

 پێوەند بە ناوخۆی بەریتانیا، سێ سیناریۆ دوای برێگزت هەن، ئەوانیش سەندنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی تیریزا مای، یان دەست لەكاركێشانەوەی مای، یانیش راپرسی لەسەر رێككەوتنەكە.

سەندنەوەی متانە لە مای و هەڵبژاردنی پێشوەخت
جیریمی كوربین سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی بەریتانیا، دوای شكستی برێگزت هەرزوو رای گەیاند پێویستە متمانە لە حكوومەتەكەی تیریزا مای وەربگیرێتەوە. هاوكات ئەندریا لیدسۆم ژنە سەركردەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی بەریتانی، رای گەیاند پەرلەمانی وڵاتەكەی بەمنزیكانە دانیشتنێك ئەنجام دەدات و تێیدا پرسی سەندنەوەی متمانە لە تیریزا مای دەخاتە بەرباس.
 
 پارتی كرێكارانی بەریتانی كە كوربین لە پەرلەمان سەركردایەتی دەكات، بەوە ناسراوە لەلایەن حزبە نەتەوەییەكانی سكۆتلەندییەكان و وێڵزییەكان و حزبی دیموكراتی و پارتی سەوز پشتگیرییان لێ دەكرێت، هاوكات پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداریش كە پێویستی بە زۆرینەی دەنگەكان هەیە، پێویستی زۆری بە دەنگی سەندیكاكان هەیە، بەڵام بەشی زۆریان تەنانەت بە پەرلەمانتارانی حزبەكەی خۆیشی، هەوڵی دوورخستنەوەی تیریزا مای دەدەن.

تیریزا مای ئەگەر خۆی دەست لەكار نەكێشێتەوە، ئەوا یەك هەنگاوی ماوە بۆ سەندنەوەی متمانە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. مای بەگوێرەی یاسا تەنیا 14 رۆژی لە بەردەمدایە تا پڕۆژەیەكی تر پێشكەش بكات و بتوانێت رای زۆرینەی پەرلەمان بگۆڕێت و دەنگ بە رێككەوتنەكە بدرێت، ئەگەر لەم هەنگاوە سەركەوتوو نەبێت، ئەوا زۆرینەی پەرلەمانی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن.

دەست لەكاركێشانەوەی مای 
 شارەزایانی كاروباری ناوخۆی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەستەمە تیریزا مای بیر لە دەست لەكاركێشانەوە بكاتەوە، ئەمەش وایكردووە باوەڕ بەوە بهێنرێت تەنیا 8% مای بیر لە دەست لەكاركێشانەوە بكاتەوە. ئەوان دەڵێن مای ژنێكە ئەستەمە ددان بە شكست بهێنێت، ئەو ململانێ و ركابەری دەكات و توانایەكی گەورەشی هەیە لە بێدەنگكردنی نەیارانی، ئەمەیشە وایكردووە لە چەندان هەوڵی تری پێشتر لە كاتی تەنگژەكان رزگاری ببێت.

ئەگەرچی شارەزایان هۆشدارییان لە تێكچوونی بارودۆخی ئابووری بەریتانیا داوە، ئەو پەیامەشیان بە تیریزا مای  گەیاندووە كە رەتكردنەوەی برێگزت رەنگە تووڕەی لەناو خەڵك لێ بكەوێتەوە و سەرۆك وەزیران چیتر توانای دانوستاندنی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا نەبێت.

 دۆمینیك گریف پەرلەمانتاری پێشتری پارتی پارێزگاران دەڵێ، چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا وەك لەناوبردنی نیشتمان وایە.

گریف كە عەقڵەكەی پشتی سیناریۆی دووبارە دەنگدان و راپرسییە لەسەر رێككەوتنەكە، خۆی و گرووپێك لە حزبەكانی تر بوونەتە هێزێكی گەورەی گوشار بەسەر مای و داوای دووبارە راپرسی دەكەن.

راپرسی دووەم
دوای راپرسی یەكەم كە بەریتانییەكان دەنگیان بە چوونە دەرەوە دا لە یەكێتیی ئەوروپا، ئێستە گریف و كۆمەڵێك حزبی تر گوشار لەسەر تیریزا مای دەكەن لەسەر رێككەوتننامەی برێگزت، بە لۆجیكی ئەوەی بڕیاری چوونە دەرەوە لە یەكێتیی ئەوروپا خەڵكی بەریتانیا داویانە، دەبێت پەسندكردنی رێككەوتنەكەش هەر ئەوان بیكەن نەك پەرلەمان، پێویستە ئەمەیش بە راپرسییەك رێك بخرێت كە خەڵكی بەریتانیا بە وەها رێككەوتنێك رازییە لە یەكێتیی ئەوروپا بچێتە دەرەوە.

گریف بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژە یاسایەكی ئامادە كردووە و دەیەوێ لە رێی پەرلەمانەوە تێی پەڕێنێت تا برێگزت لە هەموو بارێكدا خەڵكی بەریتانی دەنگی لەسەر بدەن بە بەڵێ یان نەخێر، بەمەیش پەرلەمانی بەریتانی ناتوانێت دەنگ بە رێككەوتنەكە بدات. بەڵام پڕۆژەكەی گریف هێشتا دەنگی زۆرینەی نەهێناوە، رەنگە لە داهاتوودا ئەوە روو بدات.
 
یەكێتیی ئەوروپا چی دەڵێ؟
كاتێك سەعات حەوتی ئێوارەی دوێنێ سێشەم، پەرلەمانی بەریتانیا دەنگدانی لەسەر رێككەوتنەكە كرد و رەتی كردەوە، هەرزوو بۆریس جۆنسۆن وەزیری پێشتری دەرەوەی بەریتانیا كە یەكێكە لەوانەی پشتگیری تەواوی برێگزت دەكات، رای گەیاند رەتكردنەوەكە كاتی زیاتر دەدات بە مای تا لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا دانوستاندن بكات.

بەڵام یەكێتیی ئەوروپا یەكگرتووی هەڵوێستی خۆی هەرزوو راگەیاند، جان كلۆد سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی رای گەیاند رێككەوتنەكە كە پەرلەمانی بەریتانی رەتی كردەوە، مەترسییەكان زیاتر دەكات لەوەی بەریتانیا بێ رێككەوتن لە یەكێتیی ئەوروپا بچێتە دەرەوە.

هاوكات میشال بارنییە گەورە دانوستانكاری ئەوروپی لەبارەی برێگزت گوتی، "ئێستە لەندەن دەگەڕێتەوە بڕۆكسل و پرسیار لەسەر قۆناغی داهاتوو دەكات، وەڵامی ئێمە ئەوەیە هێشتا ئەوروپا یەكدەنگە و پێداگیرە لەوەی لەگەڵ لەندەن لەبارەی چوونە دەرەوەی بگاتە رێككەوتن".



وشە - فه‌رمان سادق