عێراق.. قۆناغێكی تری ململانێی بە وەكالەت دەست پێ دەكات

:: PM:06:02:16/01/2019 ‌

عێراق وڵاتێكی فڕە پێكهاتە و ئاین و مەزەو و ئاراستەی سیاسی لە دیموكراسی و عەلمانیەت و چەپەكان و لیبراڵ و هیتریش، بەڵام كە زمانی چەك هاتە گۆڕەپانەكە بێ دەنگی دەبێتە زمانی ئەوانەی ئاشتیخواز و یاساویستن، لە دوای 2003 جۆرێك لە هاوسەنگی هێز لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و لایەنگرانیان لە عێراق درووست بوو، بەڵام لە سایەی توندبوونی ململانێی ئەوانە بەمدواییە ئاخۆ دەوڵەتی عێراق بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟.

لە ماوەی دواییدا عێراق بووە وێستگەیەكی گرنگی سەردانی گەورە بەرپرسانی چەند وڵاتێكی ناوچەكە و دنیا كە وەك چاودێران دەڵێن رەنگدانەوەی ئەو ململانێ ناودەوڵەتییەیە لەبارەی بەرژەوەندییەكانیان لە عێراق، خالید عەبدلئیلا، شرۆڤەكار و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لەو بارەوە دەڵێت، كاتی ئەو سەردانانە بۆ بەغدا رەنگدانەوەی ململانێیەكی نێودەوڵەتییە لەبارەی بەرژەوەندییەكانیان لە عێراق.

ئەو زیاتر گوتی، ئەو سەردانانە پێوەستن بە لێكەوتەكانی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا. روونی كردەوە، سەردانی سەرانی دنیا بۆ بەغدا ئەگەر ئەنجامیان نەبێت، بەفێرۆدانی كاتە و ئاماژەی كرد كە سەرانی عێراق دۆسیە داخراوەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەڵنادەنەوە لەوانە قەرزەكانی سعوودیە لەسەر عێراق. هاوكات سیاسەتی جەمسەرگیری خزمەت بە عێراق ناكات و پێویستە عێراقییەكانی خۆیان لێی بەدوور بگرن كە بۆ عێراق باشترە.

دوێنێ میدیاكانی عەرەبی هەواڵێكیان بڵاو كردەوە بەوەی ئەمەریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە كە ژمارەیەك لە گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی سڕ بكات و چەكیان لێ داماڵێت، بەپێی هەواڵەكە واشنتن لیستێكی داوەتە بەغدا بەناوی ئەو گرووپە چەكدارە شیعانەی لە عێراق هەن و داوای سڕكردنیانی كردووە.

لیستەكەی ئەمەریكا باڵی سەربازی بزووتنەوەی بەدر و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی و لیوای ئەبو فەزڵ عەباس و عەسائیب ئەهلولحەق و سەرایای سەلام و چەند گرووپێكی تری سەر بە مەرجەعیەتی نەجەفی تیادایە، لە بەرانبەردا عەبدولمەهدی داوای كردووە كاتی زیاتری پێ بدرێت بۆ وەڵامدانەوەی داواكە. ئەو هەواڵەی عەبدولمەهدی نادروستی را گەیاند بەوەی ئەو پرسە تەواو عێراقییە.

لە دوای راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە سووریا جموجۆڵێكی نائاسایی ناوچەكە، بە تایبەتی عێراقی گرتووەتەوە كە ئەگەر پێشتر لە ململانێی هێزە سیاسییەكانی عێراق رەنگیان دابێتەوە، بەڵام پێ دەچێت لە داهاتووێكی نزیكدا ئەو ململانێیە شێوەی توندتر وەربگرن لە پەرەسەندنی ململانێی نێوان هێزەكانی عێراق لەناو پەرلەمان لەوانەی لە ئەمەریكا و ئێرانەوە نزیكن.

هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە شێوەیەكی كتوپڕ بۆ سەربازگەی تاجی لە عێراق، ئەگەرچی بۆ پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ بوو لە هێزەكانی، هاوكات چەند پەیامێكیش بوو بۆ حكوومەتی عێراق و ئێران و وڵاتانی عەرەبیش، ئەو بوونی رێككەوتننی چوارچێوەی ستراتیجی بەبیر عێراق هێنایەوە كە دەتوانێت لە هەركاتێك هێز رەوانەی هەر شوێنێكی عێراق بكات و ئەو هاشوهوشەی لەبارەی جموجۆڵی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق بەم دواییە لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئێران ورووژاندیان، بنەمای بۆ نییە، هاوكات پەیامی دایە ئێران بەوەی قوربانی لە عێراق داوە و هەڵەكەی ئۆباما دووبارە ناكاتەوە و لە عێراق پاشەكشە ناكات و دەستبەرداری حكوومەتێكی دوور لە ئێران نابێت و رووبەڕووی دەسترۆیشتوویی ئێرانیش دەبێتەوە. 

ئەو داوایەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە عەبدولمەهدی بە سڕكردنی میلیشیاكانی شیعە و وەڵامی هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران بە تاوتوێكردنی پرسی مانەوەی هێزەكانی بیانی بە تایبەتی ئەمەریكا لە عێراق بە هێمنی بەر لە رەشەبا لە بەغدا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، ئەو كاتەی ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی بینا كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمان كۆ دەكاتەوە گوتی، متمانەمان بە هەڵوێستەكانی عەبدولمەهدی هەیە و ئەستەمە ئەو فرمان لە دەرەوە وەربگرێت.

وەك بەڵگەیەك لەسەر زیادبوونی ململانێكانی نێوان هێزەكانی نزیك لە ئێران و ئەوانەیشی نەیارین، هاوپەیمانی فەتح سەر بە هادی عامری رای گەیاند كە هەوڵی لێپرسینەوە لەناو پەرلەمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەدات لەبارەی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق كە بۆچی بێدەنگی لێ كردووە، بۆیە دەبێت بێتە پەرلەمان و ژمارەی هێزەكانی ئەمرەیكا و ئەركەكانیان ئاشكرا بكات. 

لای خۆیەوە فەیسەڵ عیساوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسڕی حەیدەر عەبادی رای گەیاند كە هۆكارەكانی مانەوەی سوپای ئەمەریكان لە عێراق تا ئێستەیش ماون و رێكخراوە تیرۆریستییەكان تا ئێستەیش لە بیابان و بە درێژایی سنوورەكانی عێراق سووریا هەن، ئەو روونی كردەوە كە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و عێراق واژووی عێراقی لەسەرە و عێراق چووەتە ناو هاوپەیمانیەتی دژ بە تیرۆر و هەر بەپێی رێككەوتننەكەیش رێگە بە هاتنی هێزەكانی ئەمەریكا دراوە. 

میدیاكانی ئێران دەڵێن كە چالاك و رۆشنبیرانی عێراق خۆیان ساز داوە كە رۆژی هەینی لە عێراق خۆپێشاندان لەدژی بوونی سەربازی ئەمەریكا لەو وڵاتە ساز بكەن و چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سڕكردنی حەشدی شەعبی دۆخەكە لەلایەن گرووپەكانی شیعە لە بەغدا ئاڵۆزتر بێت و كاریش دەكاتە سەر دۆخی سیاسی و پرۆسەی سیاسییەكەیەوە كە تا ئێستە نەتوانراوە كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق تەواو بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم مەحموود مورزی، سەركردە لە میحوەری رۆژئاوای حەشدی شەعبی دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە پارێزگای ئەنبار و پارێزگاكانی تر دەكەنە ئامانج ئەگەر واشنتن بوونی سەربازی خۆی لە عێراق وەك داگیركاری رابگەیەنێت.

ئێستە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق و تەواوی پرۆسەی سیاسی پەكیان كەوتووە بەهۆی ململانێی نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەبارەی پۆستە تەناهییەكانەوە، كە بە دیوە شاراوەكەی ململانێی دەسەڵاتی ئێرانە بەسەر عێراق لەگەڵ ئەو لایەنانەی ترسیان لە جێگیربوونی كەسانی نزیك لە ئێرانە لە پۆستە تەناهییەكانەوە كە تەسكبوونەوەی ئازادییەكان و مانەوەی هەمان فەرمانڕەوایی ساڵانی رابردووی لێ دەكەوێتەوە، ئەوەیش هاوكات هۆكارێكی تری سەیركردنی ئەوانە بۆ پێویستی مانەوەی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق بۆ هاوسەنگكردنی هێز و پاراستنی حكوومەتی عێراقە لە خۆبەدەستەوادانی تەواوەتی بۆ ویستی ئێران و بەردەوامی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل