ئیسرائیل هێرشی سەربازی بۆ سەر میلیشییاكانی حەشدی شەعبی ئەنجام دەدا

:: PM:08:28:16/01/2019 ‌
لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هۆشداری داوەتە عێراق لە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر پێگە و بارەگاكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار، ئەمڕۆ چوارشەم 16ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، ئاشكرای كرد كە مایك پۆمپیۆ لە دیدار لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ویستی ئیسڕائیلی بۆ هێرشكردنە سەر گروپی چەكدارەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێ راگەیاندووە كە ئیسڕائیل بە گروپی چەكداری سەر ئێران لەناو عێراق دەیان ناسێنێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەدا كە پۆمپیۆ بە عەبدولمەهدی گوتووە لە هەر كاتێك بێت ئەوە روودەدات و ئەمەریكاش ناتوانێت لەوە زیاتر ئیسڕائیل رابگرێت، بەتایبەت ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە سووریا شەڕیان كردووە هاوشانی سوپای سووریا.

ئەو گوتی "ئیسڕائیل پێی وایە ئەو گروپانە سەر بە ئێرانن، هەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق بە مەبەستی دووبارە خۆ رێكخستنەوە و ئامادەكاری بۆ شەڕ و دەگەڕێنەوە سووریا، بۆیە ویستی هێرش كردنە سەریانی هەیە".
 
سەرچاوەكە لەبەر هەستیاری بابەتەكە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەڵێ ئەمەریكا باوەڕ بە لێكدانەوەكانی ئیسڕائیل دەكات، بەڵام هێشتا رەتی دەكاتەوە هێرشی ئاسمانی دژ بەو گروپانە لەناو عێراق ئەنجام بدات.

جێی باسە مایك پۆمپیۆ پێنج شەمی رابردوو سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكە كۆبووەوە لە چوارچێوەی گەشتێكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



وشە - فه‌رمان سادق