راپەڕین.. رێكخراوێكی بیانی پڕۆژەی قەرزی بچووك رادەگەیەنێت

:: PM:11:10:16/01/2019 ‌

رێكخراوێكی بیانی بە سەرپەرشتی ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە، لە رێگەی دابەشكردنی فۆڕمەوە، قەرز دەداتە ئەو گەنجانەی كە دەیانەوێت پڕۆژەی بچووك لە سنووری ئیدارەی راپەڕین جێبەجێ بكەن.

بەختیار حەسەن، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی "ریجی" ئەڵمانی پڕۆژی قەرزی بچووك بۆ گەنجانی سنوورەكامان رادەگەیەنێت.

روونی كردەوە، رێكخراوەكە لە رێگای پێدانی فۆڕمەوە هەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و بەپێی رێنماییەكانی ناو فۆڕمەكە هەر گەنجێك كە دانەمەزرابێت و بیەوێت پڕۆژەیەكی بچووك جێبەجێ بكات، رێكخراوەكە تا بڕی دوو ملیۆن دیناری بە قەرز پێدەدات.

ئاماژەی بەوەیش كرد، گەنجانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دەتوانن بۆ وەرگرتنی فۆڕمەكە سەردانیان بكەن و بە پێی ئەو مەرج و رێنماییانەی دیاری كراون، فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە.

شایەنی باسە بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق ماوەی چەند ساڵێكە دامەزراندن لە كەرتی گشتی وەستاوە، جیا لەوەی بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە رێژەی بێكاری هەڵكشاوە.
 
راپەڕین/ شادان بەكر





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل