ئەمەریکا: جەنگی مووسڵ دەست پێ دەکاتەوە

:: PM:07:34:26/12/2016 ‌
فەرماندەیەکی باڵای ئەمەر یکا رای گەیاند کە لەم رۆژانەدا هێزە هاوبەشەکانی عێراق دەست بە قۆناغێکی تری جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە داعش دەکەن و دووپاتیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە بەرەکانی جەنگ نزیکتر دەبنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەشداریکردنی یەکە تایبەتەکانی سوپای ئەمەریکا لەو جەنگەدا.

کۆڵۆنیڵ ستیوارت جیمس فەرماندەی کەتیبەیەکی شەڕوانی ئەمەریکا کە لە بەرەکانی باشووری رۆژهەڵات رای گەیاند کە ئێستە خۆمان بۆ قۆناغێکی تری جەنگی مووسڵ ئامادە دەکەین و لە رۆژهەڵاتی شارەکە پێشڕەوی دەکەین.

زیاتر گوتی، ئێستەش دوای کۆکردنەوەی هێزی زیاتر و چەک و تەقەمەنی زیاتر لە رۆژهەڵاتی شارەکە لەو چەند رۆژە دەست بە هێرشکردنەوە دەکەین و دووپاتی کردەوە کە ئەو جارەیان و سەرەڕای مەترسییەکان هێزەکانی ئەمەریکا لە شوێنی گونجاوتر لە ناو مووسڵ دەوەستن.

ئەو فەرماندە ئەمەریکاییە دووپاتی کردەوە کە ئاستی خێرایی پێشڕەوییەکانی ئەم قۆناغە دەوەستێتە سەر ئاستی بەرگری چەکدارانی داعش و ئاماژەی کرد کە ئەگەر لە رۆژانی سەرەتای ئەو قۆناغە بە خێرایی پێشڕەویمان کرد ئەوە جەنگەکە خێرا دەبێت و بەپێچەوانەشەوە رەنگە جەنگەکە درێژ بکێشێت. 

ئەمڕۆ دووشەم جەنەراڵ ستیڤن تاوسند فەرماندەی هێزەکانی نێودەوڵەتی رای گەیاند کە پێویستیان بە دوو ساڵ هەیە بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریا و ئاماژەی کرد کە دوای وەدەرنانی داعش لە مووسڵ و رەقەوە جەنگ بەرەو بیابان دەچێت کە چەکدارانی داعش لەوێ هەوڵی خۆسازدان دەدەنەوە.

جەنگی مووسڵ کە لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردوو دەستی پێ کرد و توانرا پێشڕەوی بکرێتە سەنتەری مووسڵ و چەند گەڕەکێکی ئازاد بکرێتەوە، بەهۆی خراپی کەشوهەوا و ماندووبوونی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و سەختی بەرگری چەکدارانی داعش و پەنابردنیان بۆ بەکارهێنانی هاووڵاتییانی شارەکە وەک قەلغانی مرۆیی جەنگە چەند هەفتەیەکە وەستاوە.
 
سەرچاوە: مەوازین نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل