له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌نگژه داراییه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی 2014ه‌وه رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێشتر گوندی به‌ره‌و شار جێهێشتبوو، دووباره گه‌ڕانه‌وه گونده‌كان و به‌مه‌ش گونده‌كانیان زیاتر ئاوه‌دان كرده‌وه.
حه‌سه‌ن قادر دانیشتووی گوندی "باوزێ" له سنووری پشده‌ر، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه كه ماوه‌ی 10 ساڵ بوو گونده‌كه‌ی جێ هێشتبوو، به‌ڵام دواجار به‌مه‌به‌ستی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری رووی له گوند كرده‌وه.
ئه‌و بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "دوای دروستبوونی ته‌نگژه‌ی دارایی له كوردستان، ئێمه گه‌ڕاینه‌وه گونده‌كه‌مان و زۆر هه‌ستمان به‌كاریگه‌ری ته‌نگژه نه‌كرد، رۆژانه خۆمان سه‌رقاڵ ده‌كرد به چاندنی سه‌وزه و دره‌ختی میوه و باخی خۆمان هه‌بوو و پێویستیمان به بازاڕ نه‌بوو، به‌م شێوه‌یه‌ش زیاتر گرنگیمان دا به‌به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی وه‌ك گه‌نم،جۆ، نیسك و نۆك و چه‌ندان به‌رهه‌می تر و له‌بری كڕینیان، فرۆشتمانه‌وه."
ئه‌و پێشتر باخی هه‌بوو و ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتبوو و رووی كردبووه شار، بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له ته‌نگژه و نه‌هامه‌تییه‌كان ده‌پارێزێت، گونده نه‌ك شار.
هه‌رچه‌نده ئێسته خه‌ریكه ته‌نگژه نامێنێت و دۆخی دارایی خه‌ڵكیش باشتر بووه، به‌ڵام حه‌سه‌ن قادر دڵنیایی ده‌دات كه چیتر ده‌ستبه‌رداری گوند نابێت و له‌خزمه‌تكردنی كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئاسۆ دارا مامۆستا و شاره‌زا له بواری ئابووری به "وشه"ی راگه‌یاند، "ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ی لادێكان گرنگی زۆره و به بڕبڕه‌ی ئابووری شار داده‌نرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی لادێ له لایه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌روبوومی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵن به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه، پێداویستی شاره‌كانی لێ دابین ده‌كرێت، له لایه‌كی تره‌وه دابینكه‌ری ماده‌ی خاوی ئه‌و پێداویستی و كه‌لوپه‌لانه‌ن كه له شاره‌كاندا به‌رهه‌م دێن، ئه‌مه‌ش له رووی هاوسه‌نگی ئابوورییه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ سه‌ر كه‌رته جیاوازه‌كانی ئابووری وڵات.
ئه‌و به پێویستی ده‌زانێت حكوومه‌ت پلانی درێژخایه‌ن و كورتخایه‌نی هه‌بێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری لادێ، ئامێره پێشكه‌وتووه‌كانی كشتوكاڵ و دابینكردنی كرێی گواستنه‌وه و چاككردنی ژێرخانی ئابووری لادێ له‌پێناو ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاوه‌دانی زیاتر بڕۆن.
سنووری پشده‌ر خاوه‌نی 167 گونده، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری گوندنشینان روویان كرده شار و له‌وێ نیشته‌جێ بوون، گونده‌كان زیاتر چۆڵ بوون و 129 گوندی ئاوه‌دان مایه‌وه، به‌ڵام ئێسته دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك له شاره‌وه بۆ گوند، ژماره‌ی گونده ئاوه‌دانه‌كانیش به‌رز بووه‌ته‌وه.
*
دانیشتوویه‌كی گوند: ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له ته‌نگژه و نه‌هامه‌تییه‌كان ده‌پارێزێت، گونده نه‌ك شار.
وشه/شادان به‌كر