نرخی نەوت دابەزی

:: AM:10:43:17/01/2019 ‌

لە 24 سەعاتی رابردوو نرخی نەوت تا 61  دۆلار و 33  سەنت هەڵكشا، بەڵام لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە رووی لە دابەزین كردووە و نزیكەی 40 سەنت لە نرخەكەی دابەزیوە.

كاتێك دوێنێ بازاڕەكە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 59 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرا  و تا كۆتایی دوێنێ چوارشەم دوو دۆلار لە نرخەكەی هەڵكشا. بەگوێرەی dailyfx  نرخی نەوتی تەكساسیش لە 50 دۆلار و 70 سەنتەوە بۆ 52 دۆلار و 20 سەنت هەڵكشا، بەڵام ئێستە بە 51 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت.

پێویستە بگوترێت لە نیوەی دووەمی مانگی رابردووی زایینی نرخی هەر بەمیلێك لە نەوتی برێنت تا خوارووی 50 دۆلار دابەزی، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە نرخەكەی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و لە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی رابردوو جگە لە سێ رۆژ كە نرخی نەوت دابەزی، هەموو رۆژێك لە نرخی نەوت هەڵكشاوە و دیاریش نییە ئەمڕۆ پێنجشەم دواجار بە رەنگی سەوز یان سوور كۆتایی دێت.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سووربوونی ئەمەریكا لە جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە و ئەو شەش وڵاتەی كە ئەمەریكا رێی پێ دابوون نەوتی ئێران بكڕن، چیتر بۆیان نییە لە كڕینی نەوت بەردەوام بن.

جگە لەمە لە سەرەتای ئەمساڵەوە وڵاتانی ئۆپێكیش بەرهەمهێنانی نەوتیان تا ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم كردووەتەوە. ئەوان لە كۆتایی ساڵی رابردوو لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ رێگرتن لە زیاتر دابەزینی نرخی نەوت رێككەوتبوون.



وشە - سلێمان تاشان