بەرشەلۆنە ئەمجارە لە ئەمەریكا بازاڕی هێرشبەران دەكات

:: AM:11:30:17/01/2019 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هەموولایەك هەوڵی ئەوە دەدات لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا هێرشبەرێكی نوێ بهێنێتە ریزی تیپەكەیەوە.

یانەكە چەند رۆژێك پێش ئێستا هێرشبەرە لاوەكەی مونیر حەدادی فرۆشت بە یانەی سڤیلییە، بەمەش ئێستا تەنیا یەك هێرشبەری ژمارە 9ی ماوە ئەویش لویس سوارێزی ئۆروگواییە.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە ئێستا رووی خۆیان بەرەو خولی ئەمەریكا وەرگێڕاوە و بەنیازن هێرشبەرێكی پیشووی خولی ئیسپانی دووبارە بگەڕێننەوە.

ئەو هێرشبەرەی كە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا چاوی تێ بڕیوە كارلۆس ڤێلای هێرشبەری یانەی لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكییە.

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە شێوازی یاریكردنی ڤێلا لەگەڵ پلانەكانی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی یەك دەگرێتەوە كە دەتوانێ لە هەرسێ لای هێڵی هێرشبەر یاری بكات.

ڤێلا شارەزاییەكی باشی لە خولی ئیسپانیا هەیە و پێشتریش بۆ ماوەی شەش وەرز لە ریزی یانەی ریال سۆسیداد یاریی كردبوو بەر لەوەی روو لە خولی ئەمەریكا بكات.

ڤێلای تەمەن 29 ساڵ وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلۆس لە خولی ئەمەریكا توانیبووی 15 گۆڵ تۆمار بكات و 12 گۆڵی تریش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات لە كۆی بەشداریكردنی 31 یارییدا.


وشە - ئامانج ئه‌كره‌م