دهۆک.. پیاوێک بە گەنجیی ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە و ئێستە داوای بەرەنگاربوونەوەی دەکات

:: PM:12:16:17/01/2019 ‌
پیاوێکی شاری دهۆک دوای ئەوەی 15 ساڵ ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە، ئێستە وازی لێ هێناوە و بووەتە یەکێک لە چالاکانی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

دلگەش شوکری پیاوێکی 30 ساڵی شاری دهۆکە، پێشتر بۆ ماوەی 15 ساڵ لەسەر یەک ماددەی هۆشبەری بەکار هێناوە، بەڵام ئێستە لەگەڵ ئەوەی وازی لێی هێناوە، دەستیشی بە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە کردووە، چەندان چالاکیشی لەم ڕووەوە ئەنجام داوە.

ئەوە ساڵێکە دلگەش کار لەسەر بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا دەیان گەنجی هۆشیار کردووەتەوە و لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ئاگاداری کردوونەتەوە.

لەبارەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرەوە، دلگەش وەک خاوەن ئەزموونێک بە "وشە"ی گوت: بەشێکی زۆری ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن، بێ کارن و دەشزانن ئەگەر ئەم کارە بکەن بە ڕژدی سزا نادرێن، بۆیە لە هیچ سزایەک ناترسن و لەبەر ئەوەی هۆشدارییەکی پێویستیشیان لەسەر مەترسییەکانی پێ نەدراوە،  گوێ بە تەندروستییان نادەن و ئەم کارە دەکەن.

بەکارهێنەرانی دەڵێن کە ماددەی هۆشبەر ئارامیان دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە، بەڵکو ئارامییەکی کاتییان پێ دەبەخشێت کە زیاتر لە بێ هۆشکردن دەچێت، ئەمەش زیانێکی زۆری ماددی و دەروونی بە بەکارهێنەر دەگەیەنێت، وای لێ دەکات هەمیشە هەست بە کەموکورتی بکات و کەسایەتییەکی ترسنۆکی لێ دروست دەکات. دلگەش وای گوت.

دلگه‌ش پێی وایە، ‌لایەنە پێوەندیدارەکان و ‌حکوومەت به‌ سێ رێگا ده‌توانن گەنجان لە به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر دوور بخەنەوە، کە ئەمانەن:

_ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ڕێگەی کۆڕ، سیمینار، وۆرکشۆپ و کۆنفرانس.
_ کردنەوەی سەنتەرێک بۆ هاندانی ئەو کەسانەی جارێک لە جاران ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و دەیانەوێت وازی لێ بهێنن.
_ سزای توند بۆ بەکارهێنەران و فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر.


دهۆك/ نه‌وزاد هلۆری


وشە - ڕێناس شابان