چەندان ڕێ بەهۆی به‌فره‌وه‌ داخراون

:: PM:01:37:17/01/2019 ‌
دوای هاتنی شەپۆلێكی بەفربارین بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەرپرسان هۆشداری دەدەن بە شوفێران كە چەندان ڕێ گیراون و بۆ كاری پێویست نەبێت نەچنە ناوچە شاخاوییەكان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی كانوونی دووەم، نەقیب عەلی ئازاد ئەفسەری هاتوچۆ بۆ "وشە"ـی ڕای گەیاند، شەپۆلی بەفربارین ڕێی نێوان ڕانیە بۆ چۆمانی داخستووە، بۆیە داواكارین هاووڵاتییان بەو ڕێیە هاتوچۆ نەكەن.

ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ گوتی، تیمەكانی هاتوچۆ و ڕێگەوبان هەموویان خراونەتە ئامادەباشی بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان، هەروەها ناوچە گوندنشینە سەختەكانیش ڕێی هاتوچۆیان گیراوە.

هاوكات دوێنێ‌ فازڵ حاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم كەشوهەوا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئاسمان دەبێتە هەور و بارانبارین دەست پێ دەكات، لە درەنگانی شەو دەبێتە بەفر و سەنتەری شارەكانیش بەشاری هەولێریشەوە دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر گوتی، لەكاتی چوونە ناوچە شاخاوییەكان پێویستە شوفێران زنجیریان پێ بێت بۆ ئەوەی لە تایەی ئۆتۆمبێلەكانی بدەن لەكاتی بەفربارین، هەروەها بەخێراییەكی زۆر كەم لێخوڕین بكەن، چونكە ئاست و مەودای بینین زۆر كەم دەبێتەوە كە ئەمە یارمەتییان دەدات بەئاسانتر كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن و تووشی ئەوە نەبنەوە كە برێكی لەناكاو بكەن.

هاتوچۆ ئاشكرای كردووە، گڵۆپی تەم دابگیرسێنن بەبەردەوام لەكاتی رۆژیش بۆ ئەوەی زیاتر بینراو بن، دایكان و باوكان لەم چەند رۆژە پێویستە رێ بەكوڕە هەرزەكارەكانیان نەدەن لەگەڵ هاوڕێیەكانیان بڕۆن بۆ ناو بەفر بۆ تاقیكردنەوەی توانای ئۆتۆمبێلەكانیان بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتی مانەوەی كە لە چەند رۆژی رابردوو كەوتەوە لەسەر چیای سەفین، دووبارە نەبێتەوە كە تیادا چەندان كەس ژیانیان كەوتە مەترسییەوە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانەكانی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كردووە سەرجەم تیمەكانی ڕێگەوبان سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفرن لە سنووری چۆمان و دەوروبەری سەرقاڵی كاركردنن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ئاگەدارییەكی هاتووە، ژیانی خۆت و خێزانەكەت مەخە مەترسییەوە، لەكاتی بەفرباریندا بەهیچ شێوەیەك گەشت و دەرچوون ئەنجام مەدە، بە تایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەكان.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە، بەهۆی بەفربارین لە شاخی ئەزمڕ ‌و گۆیژە ئێستە سەرجەم ڕێیەكان بەربەست كراون، داوا لە شۆفێران دەكات كە سەردانی ئەو ڕێیانە نەكەن. 



وشە - رامیار جەواد