كۆمەڵ: ئەزموونی رابردوو دووبارە ناكەینەوە و چاوەڕوانی شاندی پارتی دەكەین
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی زانیاری لەبارەی ئامادەكاری حزبەكەی بۆ پێشوازی لە شاندی دانوستكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەكات هیچ مەترسییەك لەسەر ڕێككەوتنی نێوان پارتی و كۆمەڵ نابینن.
پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی لە ئەستۆیە، هاوكات مەسروور بارزانی كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان. پارتی تا ئێستە تەنیا لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی كردووە و كۆمەڵی ئیسلامیش چاوەڕێیە.
كامەران بابان زادە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی پێوەندییان كردووە كە سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن، بەڵام وادەكەی دیار نەكراوە. ڕوونیشی كردەوە كە ئامانجی هاتنی شاندی پارتی گفتوگۆكردنە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، كۆمەڵیش ئامادەكاری كردووە تا كۆبوونەوە بكات و بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات.
بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە كۆمەڵ چاوەڕوانی پارتی دەكات بۆ ئەوەی كارنامەی حكوومەتی داهاتوو ببینێ، وەك دووپاتی لەوە كردەوە كە ئاساییە و هیچ مەترسییەكیش نابینن لەسەر ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی ڕێكبكەون، ئەگەرچی ڕەنگە جیاوازی هەبێ لە هەندێك خاڵدا.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی روونی كردەوە كە حزبەكەی دەیەوێ بەشداری راستەقینەی حكوومەت بن و ئەزموونی رابردوو دووبارە نەكرێتەوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم