گۆڕان: جێگری سەرۆكی حكوومەت بۆ ئێمە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتییە.. زانیاری نوێ‌ ئاشكرا دەكرێ‌

:: PM:03:25:17/01/2019 ‌
بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكەنەوە. ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت، پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی كانوونی دووەم، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی نێوان شاندی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر هەموو بابەتەكان گفتوگۆ دەكەین، هەر لە پێكهێنانی حكوومەتەوە تا نووسینی وەرەقەی سیاسی و كاری هاوبەش، هەروەها لەسەر كەركووك و بەغدا و لەسەر هەموو بابەتەكان دەدوێن و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین.

لای خۆیەوە كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستە بە فەرمی داوای هیچ پۆستێكی نەكردووە، بەڵام پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە.

روونی كردەوە كە لە كابینەی پێشوودا گۆڕان كە هێزی دووەم بوو سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت لە بەرانبەردا یەكێتی كە هێزی سێیەم بوو پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێ درا، لەم خولەدا پێچەوانە بووەتەوە.

بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنن لە پێشینەی كارەكانی ئەو حزبە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەبێت و لە گفتوگۆكردنیش بۆ ئەو پرسە بەردەوام دەبن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم