پەیامەكەی پشت تەقینەوەكەی مەنبەج.. ترەمپ پاشگەز دەكاتەوە لە كشانەوە؟

:: PM:04:14:17/01/2019 ‌
 لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ رژدە لەسەر كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا، لە كاتی ماڵئاواییدا لە كردەیەكی خۆكوژیدا حەوت سەربازی ئەمەریكی دەبنە قوربانی و ترەمپیش بەڵێن دەدات بە كردەیەكی سەربازی وەڵام بداتەوە، ئەگەری هەیە بڕیاری كشانەوەش هەڵوەشێنێتەوە.

پەیامەكە زۆر لە مەنبەج قووڵتر بوو
تەقینەوەكەی دوو رۆژی رابردووی مەنبەج بە سوپای ئەمەریكا كە بەهۆیەوە دوو سەرباز و كارمەندێكی ئەمەریكی و كەسێكی گرێبەست لەگەڵ سوپای ئەمەریكا لە سووریا كوژران، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، دیارترین پرسیارێكیش ئەو لایەنە كێیە كە بۆمبی چێنراوی بە رووی سوپای ئەمەریكا تەقاندووەتەوە لە وەختێك ئەو سوپایە ماوەی چوار ساڵی لە سووریایە هیچ بۆمبێكی بە روودا نەتەقێنراوەتەوە.

مەنبەج كە خاڵی ناكۆكی نێوان ئەمەریكا و توركیا و كوردە لە سووریا، ئەمەریكا لە یەك كاتدا هاوپەیمانی كوردەكانە لە سووریا و هاوپەیمانی توركیاشە، بەڵام كوردەكانی رۆژئاوا و توركیا دوو لایەنی ناكۆكن و توركیا زۆر بە توندی دژایەتی رۆژئاوای كوردستان دەكات.

دوای تەقینەوەكە، مایك بنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام ئەو تەقینەوەیە هیچ لە پلانی كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا ناگۆڕێت.

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا روونی كردەوە كە سوپای وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە بۆ شەڕی دژ بە داعش تا دڵنیا دەبێت داعش بە یەكجاری لەناو چووە، پارێزگاریش لەو دەستكەوتانە دەكەن كە سەربازانی ئەمەریكی بە هاوكاری هاوپەیمانانی لە ناوچەكە بە دەستیان هێناوە.
 
تەقینەوەكەی مەنبەج دوو پەیام دەنێرێت بۆ واشنتن، یەكیان لەلایەن توركیاوە كە بە ئەمەریكییەكان بڵێ كاتی هاتووە ناوچەكە رادەستی توركیا بكەن بۆ لەناوبردنی داعش، ئەوەی تریش پاساوێك بۆ مانەوەی هێزەكانی سەر بە ئێران لە سووریا بەوەی هێشتا تیرۆر لەو وڵاتە هەیە و هێزەكانی شەڕی دژ بە تیرۆر دەكات.

ئەگەرچی داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە كردە خۆكوژییەكەی مەنبەج راگەیاند كە بەپێی سەرچاوە میدیاییەكان 10 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆیەوە بریندار بوون و دوو سەربازی ئەمەریكی و دوو كارمەندی سەر بە وەزارەتی بەرگری گیانیان لە دەست دا و سێ تریش بریندار بوون، بەپێ زانیارییەكانی پنتاگۆن، كە لە خواردنەگەی ئومەڕای گەڕەكی سوندس لە ناوەڕاستی مەنبەج رووی دا.

سەركردە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دوای رووداوەكە كۆبوونەوە، ترەمپ لە كۆبوونەوەكە بە سەركردە سەربازییەكانی گوتووە ویستی وەڵامدانەوەیەكی سەربازی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا رای گەیاند، تەقینەوە خۆكوژییەكە رووداوێكی گەورە  بووە، گوتەبێژی هاوپەیمانیەتییەكەش دەڵێ بەدوای كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر رووداوەكە.
 
 هەریەكە لە ئێران و توركیا، دوو وڵاتی هەرێمایەتین و چاویان بڕیوەتە سووریا، ئێران هێزێكی زۆری لەوێ هەیە و توركیاش هێزێكی زۆری لەسەر سنوور بۆ ئۆپراسیۆن ئامادە كردووە، ئەمە وای كردووە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە هەموو بارێكدا لە بەرژەوەندی ئەو دووڵاتە  بكەوێتەوە و بۆشایی دروست بكات، بە تایبەت دوای هەڕەشەكانی ئیسرائیل دژ بە ئێران، رەنگە تاران ئەوە بە دەرفەت بزانێت بۆ رژدبوون لەسەر مانەوەی.

 پێداگیری ئێران لە مانەوە، هەروەها رژدبوونی توركیا لە ئۆپراسیۆن، پاساو بداتە ئەمەریكا كە بە بڕیاری كشانەوە بچێتەوە، بەتایبەت دوای سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق كە باس لە پاشگەزبوونەوە دەكرێت، بەتایبەت تەقینەوەكەش پاساوێكی تر دەبێت.

بەدیوەكەی تر مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا چارەسەری كێشەی سووریا دەهێنێتەوە خاڵی سفر و گوزرێكی كوشندەش دەببێت لە لێكگەیشتنەكانی ئەستانە لە نێوان رووسیا و ئێران و توركیا.

لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوامی دانوستاندنەكانی ئەستانەش سوودبەخش نییە بۆ توركیا و ئێران، چونكە دواجار دەگاتە خاڵی چوونە دەرەوەی هێزەكانی وڵاتانی بیانی لەو وڵاتە، لەم كاتەدا دەبێت هێزەكانی توركیا و ئێرانیش لە سووریا بچنە دەرەوە كە ئەمە لە بەرژەوەندی پلانی ستراتیجی ئەو دوو وڵاتە نییە.

بەگوێرەی راپۆرتە زانیارییەكانی ئێرانی، لە تاران گفتوگۆ لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەجێندای ئەمەریكا و رووسیا و توركیا و ئیسرائیل دەكرێت لە گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر داهاتووی سووریا و كردنە دەرەوەی سوپای ئێرانی.

لیوا محەمەد عەلی جەعفەری سەركردەی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی لە مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا كردەوە، هاوكات ئامۆژگاری سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیشی كرد لە بارەی كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا.
 
دووپات كردنەوە لە مانەوەی هێزی سەربازی وڵاتەكەی لە كاتێكدایە تاران هیچ كات ددان بەوەدا نانێت كە هێزی سەربازی لە سووریا هەبێت، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ پێشنیارێكی پێشتری ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بۆ حكوومەتی بەشار ئەسەد كە داوا لە ئێران بكات بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی بێ ئەوەی مۆسكۆ هیچ رۆڵێكی هەبێت.

چاودێران پێیان وایە لێدوانەكەی سەركردەی سوپای پاسداران، دەبێتە رێگرییەك لە بەردەم ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیاش، بەو مانایەی ئەگەر ئەمەریكا و رووسیا بێدەنگی لە هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا لە سووریا بكەن، ئەوا ئێرانیش هەمان ماف بەخۆی دەدات كە هێزی لە سووریا هەبێت.

ئەمەریكا لە سووریا بزر دەبێت؟
بەهۆی فرە رەهەندی و بەرژەوەندی و یاریزان لەناو سووریا، پێ دەچێ هەنگاوەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە زۆرجار لە تاریكیدا بێت، وەك چاودێران و شارەزایان لە بارەی تویتەكەی ترەمپ لە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا بێ هیچ روونكردنەوە و چۆنیەتی دروستكردنی، پێیان وایە تویتەكە وای كرد توركیا لە بەرژەوەندی خۆی بەكاری بهێنێت و بەوجۆرەی لێكی بداتەوە كە لە بەرژەوەندیدایە، هاوكات رووسیاش وەها خوێندنەوەی بۆ بكات كە لە بەرژەوەندیدایە، تاكە لایەن كە رەتی دەكاتەوە كوردەكانن كە ئەوانیش دابەشی سەر دوو بەش بوونە، بەشێكیان پشتگیری لێ دەكەن و داوای لێكگەیشتن لەگەڵ توركیاش دەكەن، بەشەكەی تریش رەتی دەكاتەوە.

ناوچەی ئارام لە سووریا لە دیدی رووسیا وەك سێرگی لاڤرۆڤ شرۆڤەی دەكات، دەڵێ باشترین چارەسەر بۆ ناوچەی ئارام ئەوەیە ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی دیمەشق.

بەڵام توركیا بۆچوونێكی تری هەیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان وێڕای پێشوازیكردن لە ناوچەی ئارام، دەڵێ وڵاتەكەی ئامادەیە بە درێژایی سنووری توركیا لەگەڵ سووریا كە 460 كیلۆمەترە و قووڵاییەكەشی كە 32 كیلۆمەترە، ناوچەیەكی ئارامی بنیاد بنێت.

بەڵام كوردەكان رەتی ئەوە دەكەنەوە ناوچە ئارامەكە بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی توركیا، ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پێوەندییە دیپلۆماتییەكانی هەسەدە دەڵێ توركیا بێلایەن نابێت، ئەو لایەنێكی ململانێكارە لەسەر سووریا، بۆیە هەر رۆڵێك لەو پرسەدا بدرێت بە توركیا ئەوا هاوكێشەكە دەگۆڕێت و ناوچەكەش ئارام نابێت.

گوتی "باشترین چارەسەر ئەوەیە هێزێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر سنووری نێوان توركیا و سووریا بڵاو بكرێنەوە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە".

هاوكات حكوومەتی دیمەشقیش رەتی پێشنیارەكەی ئەردۆغان دەكاتەوە، دەڵێ حكوومەتی ئەنكەڕە جگە لە زمانی داگیركاری نازانێت بە زمانی تر قسە بكات.

پێوەند بەو پرسە، چاودێران پێیان وایە ترەمپ كاتێك ئەو بابەتی ورووژاند هیچ زانیاری و مەرج و چۆنیەتیی ناوچەی ئارامی باس نەكردووە، ئەمەش وایكردووە توركیا بیكاتە كارتی گوشار بەسەر كوردەكان، بۆیە بێدەنگی ترەمپ لە روونكردنەوەی ناوچەی ئارام بووەتە خزمەتێك بۆ ئەردۆغان كە بە پێوەری بەرژەوەندییەكانی لێكی بداتەوە.

موتلو جیفیر ئۆغڵو شارەزا لە كاروباری كوردان دەڵێ روون نییە ترەمپ چی دەوێت، ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستەش هیچ روونكردنەوەیەكی نەداوە لەسەر چۆنیەتیی دامەزراندنی ناوچەی ئارام كە پێویست دەكات ئەو پرسە روون بكاتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق