لە ماوەی رابردوو و لە سەرەتای ساڵی نوێدا وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و ئێران سەردانی عێراقیان كرد و لە نزیكەوە پەیام و داوكاری خۆیان گەیاند، چاودێران دەڵێن ئەمەریكا مەبەستی بەرپاكردنی جەنگە لەدژی ئێران و تارانیش دەیەوێت جەنگەكە باوێتە ناو خاكی عێراق تا راستەوخۆ بەری نەكەوێت.
عەلی حوسێن جبووری شرۆڤەكاری سوننە دەڵێت، وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەبێ بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و واشنتن سەرەڕۆییەكی گەورەی عێراقە، چونكە هاوكاتە لەگەڵ توندكردنی واشنتن بۆ سزاكانی بەسەر ئێران، هەروەها رۆڵی ئەمەریكا لە گەیشتنە دەسەڵاتی سەرانی ئێستەی عێراق شاراوە نییە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە میانی سەردانەكەی بۆ عێراق لە كۆتایی 2018 باسی ئەوەی كرد كە چەندان ملیار دۆلاریان لە سەقامگیركردنی دۆخی عێراق و ناوچەكە خەرج كردووە.
زیاتر گوتی، لەوە گرنگتر وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لەو دۆخە هەستیارەدا، شەرمەزارییە بۆ واشنتن و روونی كردەوە كە بەو شێوەیە عێراق خۆی داوێتە ناو سەربازگەی نەیار بۆ ئەمەریكا.
لای خۆیەوە عیماد حەمدانی، پەرلەمانتاری پێشووی سوونە دەڵێت، سەردانەكەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق پرسی دەركردنی یاسایەك لەلایەن پەرلەمانی عێراق بۆ وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكای خێراتر كرد كە پێویستە ئەو جۆرە بڕیارانە بە كۆدەنگی وەربگیرێن و هەموو عێراقییەكان ئەو بۆچوونەیان هەبێت كە پێویست بە بوونی هێزی بیانی ناكات و چیتر پێویستمان بە بوونی ئەمەریكا نەماوە بۆ جەنگی داعش.
لە توێژینەوەیەكی گرووپی تەنگژەكانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاو كرایەوە پێشبینی كراوە كە عێراق زیاترین قوڕسایی هەر پەرەسەندنێكی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا هەڵبگرێت، توێژینەوەكە لە گەورە بەرپرسێكی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی گواستەوە كە عێراق گۆڕەپانی گریمانكراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتن و تاران. بەوەی میلیشیا شیعە چەكدارەكانی عێراق پێوەندی بەهێزیان بە ئێرانەوە هەیە و عێراق ئەو گۆڕەپانەیە كە ئێران شارەزایی و ئەزموون و توانای پێویستی تیادا هەیە بۆ لێدانی ئەمەریكا بێ گەیشتن بۆ قۆناغی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی ئەمەریكا بۆ ئێران.
پۆمپیۆ سەردانی عێراق و هەشت دەوڵەتی تری ناوچەكەی كرد و گەشتەكەی بەناونیشانی گەمارۆدانی ئێران و كۆكردنەوەی زیاترین گردبوونەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بوو بۆ پچڕاندنی چالاكی خراپەكارانەی ئێران، وەك پۆمپیۆ پلانی وڵاتەكەی راگەیاند بە دامەزراندنی هاوپەیمانیەتێكی ستراتیجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران.
لە بەرانبەردا ئێران درك بەو مەترسییەی ئەمەریكا دەكات كە چۆن خۆی بۆ سازكردنی كۆنگرەیەك لەدژی خۆی لە پۆڵەندا ئامادە دەكات، بۆیە بەهرام قاسمی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی كە پۆمپیۆ لە گەشتەكەی كار بۆ بڵاوكردنەوەی گیانی دوژمنكارانە لە دژی ئێران دەكات.
یەكشەمی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە عێراق لە سەردانێكی پێنج رۆژیدا،
سەید رەزا قەزوینی، شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، سەردانەكە دوو رەهەندی سیاسی و ئابووری هەبوو بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی بەغدا و تاران، بەڵام تێبینی سەرەكی لەبارەی ئەو سەردانە پێوەست بوو بە دوو رووداوی گرنگ، یەكەمیان پێویستییەكانی عێراق لە دوای پاشەكشەكرنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و جێگیركردنی ئەو هێزانە لە عێراق و دووەمیش سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بوو بۆ بنكەی عەین ئەسەد. ئەو دوو رووداوەی هەستیاریان دایە دۆخی عێراق سەبارەت بە ئێران و مەترسی ئەو وڵاتەیان زیاتر كرد.
زیاتر گوتی، بۆیە دەتوانرێت سەردانەكەی زەریف بۆ بەغدا بە سەردانێك بۆ گەڕان و زانینی پەرەسەندنەكانی عێراق لە رووی تەناهی و سیاسی و دیپپلۆماسییەوە سەیر بكرێت، هاوكات شپڕزەیی حكوومەتی عێراق مەترسییەكانی ئێرانی زیاتر كرد كە ئەوەیش تەوەرێكی تری سەردانەكەی زەریف بوو بۆ بەغدا، جیا لەلایەنی بازرگانی و ئابووری كە دۆخی ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا باش نییە، هەروەها چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتەكانی ئێران لە عێراق.
لەبارەی سەردانەكەی پۆمپیۆ ئەو شرۆڤەكارە گوتی، سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ و پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتن لە ناوچەكە و دەركەوتنی فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ جموجۆڵێكی سیاسی و سەربازی و تەناهی ئەو وڵاتە بەمەبەستی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی ئەمەریكایی لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا بە شێوەیەك فشار بخاتە سەر ئێران و گرووپەكانی لایەنگری لە عێراق كە بێگومان پەیانمی گرنگیان بۆ ئێران هەڵگرتووە.
ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە بۆ قۆناغی داهاتوو ئەمەریكا گەڕێكی توندكردنی كۆتی سەر ئێران دەست پێ دەكات كە لە 13-14ی شوباتی داهاتوو كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وارسۆ لە پۆڵەندا ساز دەكات و مەبەستیشی توندردنی فشارەكانە بۆ سەر ئێران، بۆیە تا ئێستە رۆڵی نوێ ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو روون نییە.
شەریف عەتییە نووسەری میسری لەو بارەوە دەڵێت، رەنگە ئەو ساتە هاتبێت كە گفتوگۆ لەبارەی "ناتۆی عەرەبی" بكرێت كە ئەمەریكا لە 2017ەوە باسی لێوە دەكات، بۆیە بەكورتی گەشتی گەورە بەرپرسانی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە رەنگە پەیامێك بێت بەوەی 2019 چەندان رووداوی گەورە لەخۆ بگرێت و نەخشەی ململانێكان لە ناوچەكە زەقتر ببنەوە لە رێگەی فشار خستنە سەر ئێران و هاندانی جەنگێكی بەوەكالەت لەلایەن ناتۆی عەرەبییەوە لە دژی فرەوانخوازی ئێران و ئەمەریكایش تەنیا سەركردایەتی و فشاری سیاسی و ئابووری بۆ سەر ئەو وڵاتە بگرێتە ئەستۆ، واتە بردنی دۆخەكە بەرەو جەنگێك لە ناوچەكە كە خەریكە واشنتن دەهۆڵەكەی لێ دەدات.