بۆچی فیل تووشی شێرپەنجە نابێت؟

:: PM:05:00:17/01/2019 ‌


ساڵانێكە زانایان سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆكاری تووش نەبوونی هەندێك لە گیاندارانن بە نەخۆشی شێرپەنجە، وەك فیل و نەهەنگ كە چەند بیردۆز و گریمانێك بۆ هۆكارەكەی هەبووە بەوەی قەبارەی گەورەی ئەوان لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەیانپارێزێت.


زانایەكی ئەمەریكایی گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە جینێكی دەگمەن لە فیلدا هەیە لەو نەخۆشییە مەترسیدارە دەیانپارێزێت، كاتێك لە 2012 زانایەكی ئەمەریكایی بەناوی فێنسنت لینش بڕیاری دا كە جینەكانی فیل بپشكنێت بۆ زانینی ئاخۆ جینی تری هەیە كە وەك دژە شێرپەنجە كار بكات.   


شێرپەنجە كاتێك روودەدات كە بازدان لە ترشی ناوەكی یەكێك لە جینەكان رووبدات و ئەوەیش رێگە بە خانەكان دەدات بۆ گەشەكردن و زیادبوون بە شێوەیەكی زیانبەخشانە و لە دەرەوەی كۆنترۆڵی لەش، زانایان وایان دەزانی كە قەبارەی گەورەی بەشێك لە گیانداران وا دەكات تووشی شێرپەنجە نەبنەوە.


بۆیە لەو ساتەوە دەیان بیردۆز هاتە كایەوە بۆ لێكدانەوەی ئەو هۆكارە، بەڵام بڵاوترینیان ئەوەبوو كە ئەو گیاندارانە بەرگری كاریگەتریان لەدژی شێرپەنجە هەیە، تا كاتی زانایان بەم دواییە مەتەڵەكەیان هەڵهێنا بەوەی هۆكارەكە گەورەیی قەبارەی ئەوان نییە، بەڵكو بوونی جینێكە لەوان كە ئەو كارە دەكات. 


فیل جینێكی هەیە كار بۆ لەناوبردنی خانەكان دەكات كە تووشی شێرپەنجە دەبنەوە بەر لەوەی لوو دروست بكەن، ئەو جینە رزگاركەرە ناوی " LIF6" و لە شەمشەمەكوێرەشدا هەیە، بۆیە كاتێك خانەكانی فیل تووشی هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە دەبنەوە، ئەو سیستەمە بەرگرییە كار دەكات. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل