وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا روونكردنەوە دەدات

:: PM:05:42:17/01/2019 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای بەرزا بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە ئەمڕۆ حاڵەتێكی ئەنفلەوەنزانی H1N1 تۆمار كراوە و بە هەڵە بە ئەنفلەوەنزانی بەراز ناسێنراوە.

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاندووە، ئەمڕۆ حاڵەتێكی ئەنفلەوەنزای H1N1 كە بەهەڵە ناسێندراوە بە ئەنفلەوەنزای بەراز لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە و لەژێر چاودێری تەندروستی دایە و بارودۆخی تەندروستی جێگیر و باشە.

تەندروستی دەڵێت، ئەنفلەوەنزای H1N1  ئێستە بەشێكە لە ئەنفلەوەنزای وەرزی كە پەتایەكی ساڵانەی چاوەڕوانكراوە لە هەموو وڵاتانی دنیا و بەشێوەی وەرزی ڕوو دەدات كە لە ڕووی مەترسی و ترسناكی جیاوازە لەو پەتایەی ئەنفلەوەنزای بەراز H1N1  كە لەساڵی 2009 ڕوویدا و دنیای گرتەوە.

هەروەك باس لەوە دەكەن كە ئەوكات كوتانی دژی ڤایرۆسەكە نەبوو خەڵك هیچ بەرگریەكییان نەبوو دژی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستە كوتانی دژی ڤایرۆسەكە هەیە و هەموو كەسێك بەتایبەی ئەوانەی مەترسیان لێ دەكرێت وەك كەسانی بەتەمەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و نەخۆشانی دڵ و سینگ و ئەوانەی بەرگری لەشیان كەمە دەتوانن كوتانی ئەنفلەوەنزا وەربگرن بۆ خۆپارێزی.

وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ روونكردنەوەكەدا ڕێنوێنییەكانی تایبەت بە خۆپارێزیشی بڵاو كردووەتەوە كە ئەمانەن:
-    پێویستە زوو زوو دەستمان بە ئاو و سابوون بشۆین.
-    لەكاتی كۆكە و پژمین دەم و لووتمان بە كلێنیكس یان دەستەسڕ داپۆشین.
-    هەروها نەچین بۆ شوێنی قەڕەباڵغ و داخراو.
-    لەكاتی توشبوون بە نەخۆشییەكە پشوو بدەین و شلەمەنی زیاتر بخۆینەوە.

بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی خوارەوە ئەگەر توشبوون، پێویستە زوو سەردانی پزیشك بكەن.
1-    كەسانی بەتەمەن یان منداڵی خوار پێنج ساڵ .
2-    ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و سینگیان هەیە.
3-    ئەوانەی نەخۆشی كەمی بەرگری لەشیان هەیە.
4-     ژنانی دوو گیان.

جێی ئاماژەكردنە كە ئەو ڤایرۆسە  H5N1 نییە كە ناسراوە بەئەنفلەوەنزای باڵندە و هیچ حاڵەتێكی ئەنفلەوەنزای باڵندە H5N1 لە هەرێم تۆمار نەكراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم