دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ ئاشكراكردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك

:: PM:06:51:17/01/2019 ‌

زانایانی بەریتانیا رێگەیەكیان داهێنا بۆ ئاشكراكردن و ئاگەداربوون لە شێرپەنجەی مەمك لە ژنان بەر لە دروستبوونی كە بە شۆڕشێكیان ناو برد، لەناو بوونی هیوا بەوەی ئەو تەكنیكە ببێتە مایەی كەمكردنەوەی زیانەكانی ئەو جۆرە شێرپەنجە باوە لە ژناندا.

وەك رۆژنامەی "میترۆ"ی بەرتانیایی بڵاوی كردەوە، زانایان گرەو لەسەر رێگا نوێیەكە دەكەن بۆ دیاریكردنی ئەو ژنانەی زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە، ئەوەیش بە پشتبەستن بە شیكردنەوەی سەتان ئاماژەی جینی و شێوازی ژیانیانەوە.

توێژەران لە زانكۆی كامبرێج رێگەیەكیان پەرە پێ دا بۆ حیسابكردنی میكانیزمێك بۆ ئەوەی پزیشكان لە پێوانی ئاستی ئەگەری تووشبوونی ژن بەو نەخۆشییە مەترسیدارە پشتی پێ ببەستن، پڕۆفیسۆر ئەنتۆنیس ئەنتۆنیۆ لەو بارەوە دەڵێت، ئەوە رێگەیە یەكەمینە لەو بوارەدا. 

رێگاكە توانای شیكردنەوەی زانیارییەكانی تایبەتی ژنانی هەیە وەك تەمەن و كێش و بڕی خواردنەوەی كحوول و 300 ئاماژەی بۆماوەیی رەچاو دەكات، ئەوەیش زۆر وردە لە بواری پزیشكییەوە، بەتایبەتی لەبارەی ئاشكراكردنی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و دەستنیشانكردنی.

شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە زیاترین هۆكارەكانی مردنی ژنان لە شانشینی بەریتانیا كە ژمارەی ساڵانەی تووشبووانی نوێ دەگاتە 55 هەزار ژن، توێژەران دەڵێن كە ئەو رێگە نوێیە پێویستی بە تاقیكردنەوەی زیاترە تا كاتی ئامادە دەبێت بۆ بەكارهێنان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل