بەهۆی سووریا نێوانی رووسیا و ئەمەریكا ئاڵۆزتر دەبێت

:: PM:04:48:01/10/2016 ‌

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەمەریكا وریا دەكاتەوە لەوەی هەر دوژمنكارییەكی راستەوخۆی سەربازی ئەمەریكا بۆ حكوومەتی سووریا، دەبێتە مایەی گۆڕانكاری مەترسیدار و گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ماریا زاخارۆڤ گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەوبارەوە رای گەیاند كە هەر كارێكی دوژمنكارانەی راستەوخۆی ئەمەریكا بۆ سەر حكوومەت و سوپای سووریا، گۆڕانكاری گەورە و كاریگەری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ دەكەوێتەوە. 

زاخارۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەركی ئەوان روونكردنەوەی گرنگی پابەندییە بە رێككەوتننامەكان و ئەگەر ئەمەریكا هەر كارێكی لەو جۆرە ئەنجام بدات، ئەوە كاریگەرییەكەی نەك تەنیا لە سووریا، بەڵكو لە هەموو ناوچەكە بەدیار دەكەوێت.

ئەمەریكا و رووسیا هەریەكەیان پاڵپشتی لە لایەنێكی ململانێی چەكداری لە سووریا دەكەن، ئەوان مانگی رابردوو گەیشتنە رێكخستنی ئاگربەستێك لە سووریا، بەڵام دوای هەفتەیەك جەنگی سەخت دەستی پێ كردەوە. 

ئەمڕۆ شەموو گەورەترین نەخۆشخانە لە رۆژهەڵاتی حەلەب كەوتە بەر بۆردمانی سەختی ئاسمانی و رێكخراوی بەرگری میللی لە حەلەب رای گەیاند كە 65%ی خانووەكانی رۆژهەڵاتی حەلەب وێران كراون و زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی لەو ناوچانە گەمارۆ دراون.

دوێنێ هەینی جەنگێكی سەخت لە باكوری حەلەب لە نێوان سوپای سووریا و شەڕوانانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دروست بوو لە دوای هێرشەكانی سوپای سووریا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە، لەو كاتەی پێنجشەم سوپای سووریا توانی پێشڕەوی گەورە بكات.

وشە/سپۆتنیك، سكای نیوز-و: مەحموود 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل