تاوتوێی تەواوكردنی پێكهێنانی حكوومەت كرا

:: PM:08:12:17/01/2019 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، د.بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران تاوتوێی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراقیان كرد.

لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە بارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران لەسەر تەواوكردنی حكوومەت بڵاوی كردووەتەوە و كۆپیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە كە گرنگە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان لەنێوان لیستەكانی پەرلەمان و هێزە سیاسییە سەرەكییەكان بەردەوامی پێ بدرێت بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی.

لە بەیاننامەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان باس لە پێشوەچوونەكان كراوە لەسەر گۆڕەپانی تەناهی و سیاسی و رووداوەكانی ئێستە لە ناوچەكە روودەدەن، هاوكات هەوڵەكانی تەواوكردنی كابینەكەی عەبدلمەهدی، هەردوولا دووپاتیان لە گرنگی هاوئاهەنگی نێوان پەرلەمان و حكوومەتیان كردووە لە بەردەوامیدان لەسەر كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان لیستە سیاسییەكان بۆ تێپەڕاندنی كاندیدانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و داد.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا باس لە قۆناغی دوای تەواوكردنی حكوومەت كراوە كە گرنگی بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دەستی داعش بدرێت و خزمەتگوزاریش بنەڕەتیش بگەیەندرێت بە هاوڵاتیان.

جێی باسە كۆبوونەوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پرسی تەواوكردنی حكوومەت لە كاتێكدایە پارتی و یەكێتی لیژنەی تایبەتیان پێكهێناوە لەسەر پرسی وەزارەتی داد كە كاندیدێك بە رێككەوتن پێشكەش بكەن، جگە لەمەش وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری پێشكەشكردنی كاندیدەكانی دەكەوێتە دوای پشووی زستانەی پەرلەمان كە كۆتایی ئەم مانگە دەست پێدەكات تا سەرەتای مانگی ئاداری دادێ.



وشە - فه‌رمان سادق