دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ بودجە تەرخان دەكرێن

:: PM:08:13:17/01/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق بەدووری دەزانێت كە پرسی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بخرێتە روو و ئاماژەی كرد كە دانیشتنەكان تایبەت دەبن بە پەسندكردنی بودجەی گشتیی 2019ی عێراق.

غایب عومێڕی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات دووپاتی كردەوە، دیداری دوایی نێوان هاوپەیمانی ئیسڵاح و پارتی دیموكراتی كوردستان بە لێكگەیشتنی سەرەتایی گەیشت بەمەبەستی تەواوكردنی كابینەی حكوومەت، بەڵام نەگەیشتن بە رێككەوتننی كۆتایی، بۆیە چەند ناكۆكییەك لەگەڵ هێزە سیاسییەكانەوە ماون لەبارەی ناوی كاندیدان كە یەكلا نەكراونەتەوە.

زیاتر گوتی، دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە پەسندكردنی بودجەی گشتیی 2019ی عێراق و ئەگەرێكی دوورە پرسی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكانەوە، چونكە فراكسیۆنەكان تا ئێستە بە رێككەوتننی كۆتایی نەگەیشتوون لەبارەی كاندیدانی خراونەتە روو.

ئێستە دوو پرسی گرنگ لەبەردەم دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقن كە ناكۆكی گەورەیان لە نێوان فراكسیۆنەكان دروست كردووە، یەكەمیان تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراقە كە لە 24ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو تا ئێستە دەنگ لەسەر 19 وەزارەتی دراوە و سێ وەزارەتی ناكۆكی گەورەیان لەسەر هەیە، ئەوەی تریان پڕۆژە یاسای بودجەیە كە ئەویش بە هەمان شێوە كێشەی گەورەی لەسەرە، بەتایبەتی بۆ كورد كە پشكی هەرێمی كوردستان 12.67% جێگیر كراوە و كورد داوای زیادكردنی دەكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل