كۆنگرەی وارشۆ.. ئەمەریكا چی بۆ ئێران ئامادە دەكات؟

:: PM:08:15:17/01/2019 ‌
زۆرینەی چاودێران كۆكن بەوەی جموجۆڵەكانی ئەمەریكا و كاردانەوەكانی ئێران ئاماژەن بۆ ستراتیجیەتێكی نوێ ئەمەریكا لە بەرانبەر ئێران كە لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی لە كۆشكی سپی دەستی پێ كرد و چەند بڕیارێكی توندی لەدژی وەرگرت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری لە ناوچەكەدا.

ترەمپ بە پاشەكشەكردن لە رێككەوتننی ئەتۆمی و كۆتاهێنان بە وابەستە بازرگانییەكان لە نێوان ئێران و ژمارەیەك لە كۆمپانیا و بانكە گەورەكان دەستی پێ كرد وەك كۆمپانیاكانی بۆینگ و ئایرباس، جیا لە سەپاندنی دوو گەڕی سزاكان بەسەری كە چەند كەرتێكی گرنگی ئابووری ئەو وڵاتەی گرتەوە و سزایش لەسەر جموجۆڵە سەربازییەكانی. 

لە سایەی ئەو سیاسەتە جیاوازەی ترەمپ لەوەی باراك ئۆبامای پێشخۆی بە سەپاندنی چەندان سزا و كۆتی توندی سیاسی و تەناهی و ئابووری لەدژی تاران، ئێستە باس هاتووەتە سەر كۆبوونەوەی وارسۆ لە پۆڵەندا لە 13-14ی مانگی شوباتی داهاتوو كە كاری لەپێشینەی یەكخستن و جۆشدانی هەڵوێستەكانە لە بەرانبەر ئێران و رۆڵی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و پێوەندی ئەوانە بە سەقامگیری سیاسی و تەناهی ناوچەكەوە.

راگەیاندنی كۆبوونەوەی نێودەوڵەتی وارسۆ هاوكاتە لەگەڵ گەشتەكەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە میسڕ و ئوردن و عێراق و وڵاتانی كەنداو بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە لە رووی تەناهی و سیاسییەوە و چۆنیەتی بنیاتنانی هاوپەیمانی ستراتیجی لە ناوچەكە، هەروەها هاوكات لەگەڵ خستنەڕوو و بانگەشەكردن بۆ پلانی دامەزراندنی "ناتۆی عەرەبی" كە لە ئایاری 2017 هاتە ئاشكراكردن و پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ بێتە دامەزراندن.

وەك پۆمپیۆ رای گەیاند، كۆبوونەوەی وارسۆ باسی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسەكانی ئاشتی و ئازادی و تەناهی دەكات، ئەو لە میسر گوتی، ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەیەوێت هاوپەیمانیەتێكی ستراتیجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین مەترسی لە ناوچەكە و پتەوكردنی هاریكاری لە بواری وزە و ئابوورییەوە كە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو و میسڕ و ئوردن لەخۆ دەگرێت.

لەو كاتەی رەنگە هەڵبژاردنی وارسۆ بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی بەو شێوەیە گرنگ سەیر بێت، چونكە لە پایەتەختێكی گرنگی ئەوروپا نەبەسترا، چاودێران پێیان وایە كە بەم دواییە پۆڵەندا پێوەندی باش و پەرەسەندووی لەگەڵ ترەمپدا هەیەن هەروەها پاڵنەری تریش پێوەست بە ترس لە رووسیا و گەڕان بەدوای هاوپەیمانییەكی بەهێز لە ناوچەكەدا.

تا ئێستە هەموو وردەكارییەكان لەبارەی كۆبوونەوەكە و ئەجیندا سیاسی و تەناهییەكان و ئەو بابەتانەی تیایدا دەخرێنە روو ئاشكرا نەكراوە، جیا لە نادیاری ئەو وڵاتانەی بانگهێشتن دەكرێن، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی هەریەك لە ئەمەریكا و پۆڵەندا چەند پرسێكی گرنگیان ئاشكرا كردووە بۆ باسكردن لەوانە تیرۆر و توندڕۆیی و پەرەپێدانی مووشەكی و بڵاوكردنەوەی چەك و بازرگانی دەریایی و ئاسایش و هەڕەشەی ئەو گرووپە چەكدارانەی جەنگی بە وەكاڵەت دەكەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

هاوكات بانگهێشتكردنی زیاتر لە 70 دەوڵەت بۆ كۆبوونەوەكە ئاشكرا كرا لەوانە وڵاتانی كەنداو و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و هەموو ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، لەو ناوەدا وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا گوتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە رووبەڕووبوونێكی تەناهی لەسەر ئاستی دنیادا، بۆیە پەرەپێدانی چوارچێوەیەكی كاری هاوبەش دەكەوێتە بەرنامەی كۆبوونەوەكە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.  

لای خۆیەوە ئێران وا سەیری كۆبوونەوەی وارسۆ دەكات كە هەنگاوێكی دوژمنكارانەیە لە بەرانبەریدا و هەڵمەتێكی راگەیاندن و دیپلۆماسی لەدژی دەست پێ كردووە، كاتێك وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتنی دیپلۆماتكارێكی پۆڵەندایی كرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بۆ هاوبەشی وڵاتەكەی بۆ ئەمەریكا و مێوانداریكردنی لووتكەیەكی جیهانی پێوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، وەك ئاژانسی ئیرنای ئێرانی بڵاوی كردەوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لای خۆیەوە گوتی، كۆبوونەوەكە وەك نمایشێكی گاڵتەجاڕی نەیار بۆ ئێرانە و بەرپرسێكی رۆشنبیری ئێرانیش هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هەفتەی فیلمی پۆڵەندی لە ئێران كرد لە ماوەی ئەم مانگە ئەگەر پۆڵەندا لە مێوانداریكردنی كۆبوونەوەكە پاشگەز نەبێتەوە.

مەحموود ئەبو قاسم، توێژەری میسری لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەكانی لەبارەی ئێران لەو بارەوە دەڵێت، لووتكەی وارسۆ هەلێكە بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا بۆ هاوئاهەنگی هەڵوێستیان لەبارەی ئێرانەوە و باسكردنی رێگاكانی فشاركردن بۆ سەری، بۆیە كۆبوونەوەكە بەشێكە لە ستراتیجیەتی ئەمەریكا كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئێران دەكاتە ئامانج بۆ هاوئاهەنگی هەڵوێستی وڵاتانی كاریگەر بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كە رەنگە فشاری زیاتری بۆ سەر ئێران لێ بكەوێتەوە.

لەو كاتەی وڵاتانی وەك رووسیا و چین كە هاوپەیمانی ئێرانن، رەچاوی ئەنجامی كۆبوونەوەكە دەكەن و وا دەكەن كە زیاتر هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی ئێران، بەتایبەتی كاتێك ئەمەریكا سوورە لەسەر ستراتیجیەتەكەی لە بەرانبەر ئێراندا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل