كورد دوو مەرجی بۆ تێپەڕكردنی بودجەی 2019ی عێراق هەیە

:: PM:08:41:17/01/2019 ‌

ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد كە فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق دوو مەرجیان لە بەرانبەر تێپەڕاندنی بودجەی گشتیی 2019ی عێراق هەیە و دووپاتیشی كردەوە كە تا ئێستە پشكی هەرێم لە پڕۆژەكە جێگیر نییە.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراق كە لەلایەن حكوومەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە ئامادە كرابوو، لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێ واژوو كرا و رەوانەی پەرلەمان كرا، لە پڕۆژەكەدا كورد و سوننە و پارێزگاكانی باشوور تێبینی زۆریان لەسەری هەبوو.

جەمال كۆچەر ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە پرسی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق تا ئێستەیش یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە پرسێكی بەردەوامە و هەموو ساڵێك كێشەی لەسەرە و یەكلا ناكرێتەوە و پێوەری دیاریكراوی بۆ دانانرێت بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم بە جێگیری.

زیاتر گوتی، دیاریكردنی پشكی 12.67% وەك پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق لەلایەن حكوومەتی عەبادی بۆ ئەمساڵ بۆ فراكسیۆنە كوردییەكان كتوپڕ بوو كە رێژەیەكی راستەقینە نییە بۆ كورد كە ساڵی رابردوو پشكی هەرێم 13.72% بووە، بۆیە كورد بە تەواوەتی ئەو رێژەیان رەت كردەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، فراكسیۆنە كوردییەكان دوو بژارەیان خستووتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندكردنی بودجەكە، یەكەمیان گەڕانەوە بۆ رێككەوتننی سیاسی پێشوو لەبارەی پشكی 2018، یان ئەنجامدانی ئاماری دانیشتوان و پابەندبوونی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم بە ئەنجامەكانی، جا یان بڕی زیادە بۆ حكوومەتی عێراق دەگەڕێنینەوە یان بەپێی ئەنجامی ئامارەكە پشكی زیاترمان بەردەكەوێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل