له‌به‌ر داواكردنى كردنه‌وه‌ى بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان فەرمانگەیه‌كیش داخرا

:: PM:10:56:17/01/2019 ‌
فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاری لە شارۆكەی سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر، داوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كردووە،  دوای بەرز كردنەوەی ئەو داواكاریە فەرمانگەشیان لێ داخراوه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ى كانوونى دووه‌م، ئەندازیار خوسرەت سادق دری بەرپرسی كەرتی چوار و فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەركی ئێمەیە وەكو كەرتی چوار و فەرمانگەی چاككردنەوە، پاراستن و چاككردنەوەی هەموو ڕێگاكانی دەڤەری سۆرانە، بەشێوەی قیرتاوكردن یا دروستكردنی دیواری پاڵپشت بێت، بەڵام كارەكانمان ئێستە سنووردارە و بەهۆی نەبوونی بوودجەی پێویست ناتوانین هەموو كارێك ئەنجام بدەین. 

زیاتر گوتی، "خەڵكی دەڤەرەكەمان دڵنیا دەكەینەوە كە  ناهێڵیین بەهۆی بەفرەوە ئاستەنگی هاتوچۆییان بۆ دروست ببێت، چونكه‌ لە دەڤەری سۆران چوار تیمی پاككردنەوەی بەفرمان بۆ ڕێگا سەرەكییەكان جێگير كردووە، جیا لە ڕاماڵینی بەفر لە هەمان كات داڕمانی شاخەكان لەسەر ڕێگاكان پاك دەكەنەوە".

ئەندازیار خوسرەت دری ئاشكرایشی كرد، "پێویستە لە سۆران و مێرگەسۆر، دوو بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و ڕێگاوبانی بوونی هەبێت، چونكە سنووری جوگرافیای یەكجار فراوانە و دەڤەرێكی ستراتیژی و ئابووری و گەشتیاریشە و ڕێگای زۆری لێ هەیە لە هەمان كاتیش ڕێگاكان تەمەنییان زۆرە و بەردەوام پێویستی بە تیمی چاككردنەوە هەیە دەتوانرا خزمەتی زیاتر پێشكەش كرابا".

دووپاتی كردەوە، "دوای ئەوەی سەرووی ئێمە بەوەی زانی كە ئێمە هەوڵی ئەوەدەدەین لە فەرمانگەوە بكرێینە بەڕێوەبەرایەتی و داوای ئیمكانیاتی زیاتر دەكەین، لە جیاتی ئەوەی ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیمان پێ بدەن، لە هەولێر هەموو هەوڵییان دا بۆ ئەوەی فەرمانگەی سۆرانیش نەهێڵن و ماوەیەك بەر لە ئێستە دایان خست، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر تا توانیمان فەرمانی كارگێڕی فەرمانگە وەربگرینەوە!".

له‌ كۆتایدا گوتى، "مادام ڕەزامەندی دەرنابڕن لەسەر بەرێوەبەرایەتی پاراستن و ڕێگا و بانی سۆران پێویستە ئەو بوودجەی لە هەولێر هەیە بە دادپەرەوەری دابەش بكرێت، چونكە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و ڕێگاوبانی هەولێر مانگانە 170 ملیۆن دینار بوودجەی هەیە، ئێمە چوار شارۆكەمان هەیە ئەگەر بێتوو بەشێوەی شارۆكەیش دابەشی بكەین ئەوا دەبێت بەلایەنی كەم 40 ملیۆن دینارمان لەو بوودجەیە پێ بدەن یا ئەگەر بە شێوەی جواگرافیا و هەبوونی ڕێگاكانیش دابەشی بكەن هەر ئێمە زۆرترین شوێنمان هەیە، ئەگەر ئەو بڕە پارەمان لەبەر دەست بێت بێگوامان هەموو كێشەی ڕێگاكان لە ماوەیەكی كورتدا چارەسەر دەكەین، بەڵام بەداخەوە جیاكاری لە دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیەیش دەكەن دەڤەری سۆران پشت گوێ خراوە و بایەخی پێ نەدراوە".

سۆران لە ڕووی كارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە، بە دووری 102 كم لە ناوەندی شاری هەولێر دوورە، ڕێژەی دانیشتوانی دەڤەرەكە زیاتر لە 200 هەزار كەس دەبێت.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - محەمەد میران