رائید فه‌همی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی سائیروون رای ده‌گه‌یه‌نێت كه كێشه‌ی عێراقییه‌كان له به‌رانبه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌دا ئه‌وه‌یه كه پارێزگاكانی تر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پشكێكی زیاتر له ژماره‌ی دانیشتووانی ببات، نادادوه‌ری به‌رانبه‌ر ئه‌وان كراوه، بۆیه وه‌ك پره‌نسیپ رازین به پێشنیازی جیاكردنه‌وه‌ی مووچه له نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام تێبینی هه‌یه.
په‌رله‌مانتارانی كورد له لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق چه‌ند پێشنیازێكیان له‌باره‌ی پشكی كوردستان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه و جیاكردنه‌وه‌ی له نه‌وت، داوه‌ته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، تا مووچه به‌ده‌ر بێت له رێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت.
ئه‌وان ده‌ڵێن، به‌شی هه‌رێمی كوردستان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له بودجه‌ی گشتی عێراق جێگیر كراوه و بڕیاره له رۆژانی داهاتوو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
له به‌رانبه‌ردا رائید فه‌همی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی سائیروون كه زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێك دێنن، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه ئه‌وان به‌دوای چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌و كێشه‌كانه‌وه‌ن، له‌وانه‌یش پێوه‌ست به پشكی هه‌رێم له بودجه‌دا.
فه‌همی ده‌ڵێ، "كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه پابه‌ندییه‌كی به‌رانبه‌ر به‌یه‌ك له نێوان هه‌رێم و عێراقدا هه‌یه، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ردوولا ئاماده‌یی خۆیان پێشان بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و پابه‌ندییانه به‌پێی ده‌ستوور".
زیاتر گوتی، "وه‌ك پره‌نسیپ نابێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و بژێوییان بخرێته ناو كێشمه‌كێشی سیاسی، چونكه ئه‌وه ژیانی هاووڵاتییانه و پێویستییه‌كی مرۆییه، بۆیه وه‌ك پره‌نسیپ رازین به‌و پێشنیازه به جیاكردنه‌وه‌ی مووچه له نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام به‌هۆی بوونی تێبینی له‌و بابه‌ته، پێویسته هه‌ڵوێستی هه‌رێم هاریكار بێت به ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و عێراقیش".
"جیا له هه‌موو پرسه‌كانی تری وه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌كانی فیدراڵ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم كه كێشه‌مان له‌سه‌ره، وه‌ك چۆن بۆ ئه‌و پرسه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن هه‌یه، بۆ ئه‌وانی تریش هه‌بێت، ئه‌وكات ده‌كرێت ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه ناكرێ پرسێك چاره‌سه‌ر بكه‌یت و ئه‌وانی تر به هه‌ڵپه‌سێردراوی بهێڵیته‌وه" فه‌همی وای گوت.
كێشه‌كانی هه‌رێم و عێراق ده‌یان ساڵه به‌رده‌وامه، خۆی له ماده‌ی 140، بودجه‌ی پێشمه‌رگه، یاسای نه‌وت و غاز، بابه‌تی فیدراڵی ده‌بینێته‌وه.
فه‌همی روونی كرده‌وه، كێشه‌كه به وردی لای عێراقییه‌كان له به‌رانبه‌ر پشكی هه‌رێم ئه‌وه‌یه پارێزگاكانی تر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌رێم پشكێكی زیاتر له ژماره‌ی دانیشتووانی ببات، نادادوه‌ری به‌رانبه‌ر ئه‌وان كراوه، به‌ڵام ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت پشكی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات به حسێبكردن یان نه‌كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، دیسان رووبه‌ڕووی هه‌مان كێشه ده‌بینه‌وه.
راید فه‌همی ده‌ڵێ "ده‌بێت بگه‌ین به هاوسه‌نگییه‌ك بۆ دابینكردنی مووچه و خه‌رجییه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم، به جۆرێك جیاوازیی گه‌وره‌ی نه‌بێت كه پارێزگاكانی تر هه‌ستی نه‌رێنییان لا دروست بێت، بۆیه وه‌ك سائیروون به‌و شێوه سه‌یری بابه‌ته‌كه ده‌كه‌ین كه پێویسته حكوومه‌ت ره‌چاوی هه‌ردوولا بكات، ئه‌وكات پڕۆژه‌كه به‌و شێوه‌یه تێپه‌ڕ ده‌كرێت".
پێشتر پشكی هه‌رێم به‌پێی رێككه‌وتنێكی سیاسی 17% بوو، به‌ڵام له 2018 كه‌مكرایه‌وه بۆ 12% و نه‌شدرا، ئێسته هه‌وڵێك هه‌یه بۆ زیادكردنی ئه‌و پشكه و جیاكردنه‌وه‌ی له كێشه سیاسییه‌كان.
جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا، بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه كه پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق یه‌كه‌م و دووه‌م خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه له په‌رله‌مان، هه‌نگاوی سێیه‌م و داهاتوو ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كان دابنیشین، ئه‌ویش له‌م رۆژانه ته‌واو ده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان بڕگه بڕگه پڕۆژه‌كه باس ده‌كات، بۆیه ئێسته ئه‌و بڕگانه دیاری ده‌كه‌ین كه كێشه‌یان له‌سه‌ره، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێوه‌ستن به كورد ئاماژه‌مان له‌سه‌ر داناوه و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانمان، له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته یان تا ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێن.
زیاتر گوتی، "جیاكردنه‌وه‌ی مووچه و نه‌وتی هه‌رێم داوایه‌كی كورده كه وه‌ك ئه‌ندامانی كورد له لیژنه‌ی دارایی قبووڵ ناكه‌ین داهات و بژێوی خه‌ڵك ببێت به قوربانی ململانێی سیاسی، بۆیه به‌شێكی داهاتی سیاسی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و زیندانییانی سیاسی و قوربانییانی رژێمی پێشوو و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وانه دانراون و پڕۆژه‌شمان هه‌یه بۆ بودجه‌ی 2020 ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم قبووڵی بكات، بودجه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بخرێته سه‌ر به‌غدا و له یاسای خزمه‌تی عێراق جێگیری بكه‌ین كه مافی فه‌رمانبه‌ر له هه‌موو عێراق یه‌كسان بێت".
"بۆ كورد له بودجه‌ی 2019 بڕگه‌یه‌ك هه‌یه كه مانگانه 454 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دانراوه، وه‌زاره‌تی به‌رگریش به نووسراوی فه‌رمی دووپاتی كرده‌وه كه 68 ملیار دیناریان بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه دابین كردووه، هه‌رچی زیندانییانی سیاسی و شه‌هیدان و ئه‌نفاله‌كانن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ژماره‌ی پێشنیازمان كردووه جێگیر بكرێت، ده‌بێته 109 ملیار دیناری مانگانه، به‌ڵام ئه‌وانه هه‌مووی له مه‌ترسیدان ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به رێككه‌وتنی نه‌وت، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین حكوومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌و رێككه‌وتنه" كۆچه‌ر وای گوت.
له بودجه‌ی 2019ی عێراق پشكی هه‌رێم 12.67% دیاری كراوه و ده‌كاته زیاتر له هه‌شت ترلیۆن دینار، 126 ملیار دیناریش بۆ په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان دانراوه و بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی تایبه‌ت به هه‌رێم زیاتر له 102 ملیار دیناره، بۆیه كۆی پاره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوه نزیكه‌ی نۆ ترلیۆن دیناره.