سۆران.. گەورەترین هۆڵى بۆنەکان مەترسى ڕووخانى هەیە

:: PM:10:00:26/12/2016 ‌
زۆربەى دیوارەکانى هۆڵی سۆران شەقى بردوە و سەرپەرشتیارى هۆڵەکەش بەرپرسیاریەتی رووخانى هۆڵەکە دەخاتە ئەستۆى پارێزگاى هەولێر و وەزارەتى دارایی هەرێم.

ئیسماعیل ئیبڕاهیم سەرپەرشتیارى هۆڵى بۆنەکانى سۆران بە " وشە "ى راگەیاند" بەشێکى زۆرى دیوارەکانى هۆڵى بۆنەکان درزیان بردووە و ئەگەر لە ماوەیەکى نزیکدا چاک نەکرێتەوە ئەگەرى رووخانى هەیە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: بە مەبەستى چاککردنەوەى ئەو شوێنانەى کە لە هۆڵەکە خراپ بووە نووسراومان بۆ سەرووى خۆمان کردووە، بەڵام تاکو ئێستە کەس ئاوڕى لێ نەداینەوە، ئەو هۆڵە پێویستى بە بەدواداچوونێکى خێرا هەیە، ناکرێت بەهۆى تەنگەژەى دارایی واز لە چاککردنەوەى ئەو هۆڵە بهێندرێت، چونکە ئاگادارین کارى باش بۆ هۆڵەکانى دهۆک و هەولێر کراوە.

ناوبراو ئه‌وه‌شی گوت: هەر کارەساتێک لەو هۆڵە رووبدات، پارێزگارى هەولێر بە پلەی یەکەم و وەزارەتى دارایی بە پلەى دووەم لێی بەرپرسیارن، چونکه‌ تا ئێسته‌ رەزامەندییان دەرنەبڕیووە لە چاککردنەوەى ئەو شوێنانەى لە هۆڵى بۆنەکانى سۆران خراپ بووە.
 
له‌و باره‌یه‌وه‌ کرمانج عزەت قائیمقامى شارۆکەى سۆران بە " وشە "ى راگەیاند: بەهۆى تەنگەژەى دارایی ئەمساڵ نەتوانرا هیچ کارێکى چاککردنەوە بۆ هۆڵى بۆنەکانى سۆران بکرێت، بەهۆى گەورەیى هۆڵەکە پێویستە ساڵانە خزمەتى بکرێت، بەڵام هەواڵى رووخانى هۆڵەکە دوورە لە ڕاستى.

قائیمقامى شارۆکەى سۆران گووتیشى:  تەنیا چەند شوێنێکى دیوارى هۆڵەکە دەرزى بردووە و لە ساڵى ئایندە ئەو شوێنانەى کە تێکچوونە بێگومان چاکى دەکەینەوە.

هۆڵى بۆنەکانى سۆران، ساڵى 2011 لەسەر بودجەى وەزارەتى دارایی حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە گوژمەى زیاتر لە پێنج ملیار دینار لە دەروازەى سۆران دروست کراوە، لە گشت چاڵاکى، بۆنە و ئاهەنگى حکوومى، حزبى، سەربازى، رۆشنبیرى و کلتوورى هەرچوار شارۆکەى؛ سۆران، مێرگەسۆر، رواندوز و چۆمان بەکاردەهێندرێ، هەروەها بە گەورەترین هۆڵى سەر ئاستى ئه‌و چوار شارۆکەیە ئەژمار دەکرێت و شوێنى دانیشتنى 2000 کەسى هەیە و بەشى سمینار و کتێبخانەشى هەیە.

سۆران – موڕشید برادۆستى














وشە - موحسین شابان