سبەی مووچەی 12 وەزارەت و دەستە دابەش دەكرێت

:: AM:09:16:19/01/2019 ‌
دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و سبەی یەكشەم مووچەی چوار وەزارەت و هەشت دەستە لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دابەشكردنی مووچە بۆ مانگی 10ـی ساڵی 2018 لەو هەفتەیە كۆتایی دێت و سەرجەم مووچەكان دابەشكردنی تەواو دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، سبەی یەكشەم مووچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە وەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار و كارەبا و پلاندانان و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و دەستەی مافی مرۆڤ  و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و دەستەی ژینگە و دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی دەستپاكی و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دەزگەی مین دابەش دەكرێت.

لە 2018ەوە بەشێوەیەكی رێكخراو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو 30 رۆژ جارێك مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابەش كردووە، دوای رێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەرگرتنی 317 ملیار دینار لە بەغدا، بەشێك لەو پاشەكەوت و بڕینەی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەبوو، كەم كرایەوە و رێكخرا.

چاوەڕوان دەكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكجاری پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵبگیرێت، بەڵام هێشتا روون نەكراوەتەوە هەڵگرتنی پاشەكەوتەكە چۆن دەبێت.



وشە - رامیار جەواد