چه‌ندان خانمه شانۆكارى هه‌ولێر، له‌به‌رهه‌مێكى نوێی شانۆییدا كۆده‌بنه‌وه و له ڕۆژانى داهاتوو به رۆڵه‌کانیان به‌رهه‌مه‌کە نمایش ده‌كه‌ن.
هیوا سوعاد نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌رى ئه‌و شانۆیە، له‌دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تدا به "وشه"ى گوت: له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خانمه ئه‌كته‌رى لاوى كورد، كارمان بۆ شانۆیه‌كى نوێ كردووه، ئێستە سه‌رجه‌م كاره‌كانى ته‌واوبووه و له ڕۆژانى داهاتوو نمایشه‌كانى لە شاری هەولێر ده‌ست پێ ده‌كات.
ئه‌و به‌رهه‌مه شانۆییه به‌ناوى "ئافره‌ت له‌دۆزه‌خدا" یه، وەک پێشتر گوترا، له نووسین و ده‌رهێنانى منه و له نواندنى هه‌ریه‌ك له خانمه شانۆكارانى كورد كه‌ژاڵ حه‌سه‌نى، شه‌یما فریاد، ئه‌سه‌ل حه‌سه‌نى و سۆنیا هیوایه، هەروەها به‌رهه‌مى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی هونه‌رى شانۆى هه‌ولێره.
ئه‌و به‌رهه‌مه چیرۆكى ڕاسته‌قینه‌ى پێنچ قوربانى ده‌ستى دڕنده‌یی مرۆڤ ده‌گێڕێته‌وه، كه به بیانووى جۆراوجۆر غه‌دریان لێ كراوه، ئه‌وانیش به‌دحاڵین له مه‌به‌ست و پاڵنه‌ر و ده‌ستى پشتى ڕووداوه‌كان.
هه‌ریه‌ك له به‌شداربووان به ڕۆڵى جیاواز به‌شدارن له‌و به‌رهه‌مه شانۆییه و سه‌ركه‌وتوانه پڕۆڤه و ڕاهێنانیان كردووه و له كاتى نمایشكردن به‌رهه‌مى ماندووبوونه‌كانیان ده‌بینن.
ئه‌و به‌رهه‌مه شانۆییه به‌رهه‌مێكى تازه‌یه و له شارى هه‌ولێرى پایته‌خت سه‌رجه‌م كاره‌كانى بۆ كراوه. بۆ ماوه‌ى سێ ڕۆژ واته ڕۆژانى سێ شه‌م، چوارشه‌م و پێنچ شه‌م به‌رواره‌كانى 22و 23و 24ی کانوونی دووەم، سەعات پێنجی ئێواره له هۆڵى به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تى شانۆ له ڕێگاى كه‌ركوك له شارى هه‌ولێر نمایش ده‌كرێت.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى