رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا بوونەتە زەمینەیەكی لەبار بۆ پێگەیاندنی ژنانی سەركردە و چالاك، چالاكانی مەدەنی دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو دەرفەتەی رێكخراوەكانی مەدەنی بۆ دەركەوتنی تواناكانی ژنانیان رەخساندووە، حزبەكانی سیاسی دابینیان نەكردووە.
سەیران سەڵاح سەرۆكی رێكخراوی ئەستێرە كە لە بواری منداڵان كار دەكات ئەوەی بۆ "وشە" خستە روو، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەرفەتێكی باشیان رەخساندووە بۆ دەركەوتنی تواناكانی ژنان بەگشتی.
ئەو دەڵێ، "ژمارەیەك لە ئافرەتان خۆیان رێكخراویان دامەزراندووە و ژمارەیەكی تر لە چوارچێوەی رێكخراوەكاندا چالاكییان هەیە و لەو رێگەیەوە تواناكانی خۆیان سەلماندووە".
لە هەرێمی كوردستاندا پاڵپشت بە یاسای رێكخراوە ناحكوومییەكان، سەرووی دوو هەزار و 800 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی تۆمار كراون، بەشێك لە رێكخراوەكان تایبەتن بە پرسەكانی ژنان و زۆرینەی ئەوانی تریش خاوەندارێتی لە پرۆگرامی تواناسازی ژنان دەكەن.
سەیران سەڵاح كە لە ساڵی 2004ەوە رێكخراوەكەی دامەزراندووە، زیاتر دەڵێ، "ژنان زیاتر لە پیاوان چالاكییان هەیە، ئەوان جگە لە چالاكییەكانی دەرەوە، زۆربەی كارەكانی ناوماڵ و خێزانیش رادەپەڕێنن".
یەكێك لەو رەخنانەی بەردەوام رووبەڕووی حزبەكانی سیاسی لە كوردستاندا دەكرێتەوە، نەڕەخساندنی دەرفەتە بۆ ژنان، بەڵام رێكخراوە مەدەنییەكان وەك دەردەكەوێت قەرەبووی ئەو بارودۆخەیان كردووەتەوە.
"ڕێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی زەمینەسازی فرەوانیان كردووە بۆ دەركەوتنی ژنان، لەكاتێكدا حزبەكانی سیاسی بەشدارییەكانی ژنان بەرتەسك دەكەنەوە"، ئەوە بۆچوونی هیمان رەمزی مەحموود چالاكی مەدەنییە.
هیمان سەرۆكی رێكخراوی تولای توركمانییە لە شاری هەولێر، ئەو بە "وشە" دەڵێ، "رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بوونەتە زەمینەیەك بۆ دەركەوتنی ژمارەیەكی زۆر لە كچان و ژنان لە كوردستاندا".
زیاتر لە ژنانی ناو حزبەكانی سیاسی، ژنانی چالاكی ناو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، كاریگەرییان هەبووە لەسەر دەركردن و هەمواركردنەوەی كۆمەڵێك لەو یاسایانەی پێوەستن بە ژنان و تاكەكانی كۆمەڵگە بەگشتی، ئەوەش دەسەلمێنێت كە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئامرازێكی باش بوون بۆ بەشداریكردن لە دروستكردنی بڕیاردا.
بەو حاڵەشەوە هەندێك لە ژنانی ناو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، رەخنە و تێبینییان هەیە و پێیان وایە، هێشتا رێكخراوەكان زەمینەیەكی تەواو گونجاویان بۆ ژنان نەڕەخساندووە.
سەلوا جەوهەر سەرۆكی ڕێكخراوی هێمای ڕۆشنبیری بە "وشە" دەڵێ، "ئەو رێكخراوانەی لەلایەن ژنانەوە سەرۆكایەتی دەكرێن، لەلایەن رێكخراوەكانی مەدەنی و دامەزراوەكان و میدیاكانەوە بایەخی تەواویان پێ نادرێت".
ئەو رەخنەش لە یەكێتییەكانی ئافرەتان و ژنان و ئەنجوومەنی كاروباری خانمان دەگرێت بەوەی زیاتر رۆڵی نەرێنییان هەبووە تا بە رۆڵێكی ئەرێنی.
هودا سابیر زەنگەنە چالاكی مەدەنی، بۆ "وشە"ی روون دەكاتەوە، "ژنان بۆ بەگەڕخستنی تواناكان لە دەرەوەی ماڵ، پێویستیان بە پشتگیری خێزانەكانیان دەبێت، كەسێك كە خێزانەكەی متمانەی پێ هەبێت، كۆمەڵگەش متمانەی پێ دەبێت".
بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو، ژنان لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا بە بارودۆخێكی ناهەمواردا تێپەڕ دەبن، توندوتیژییەكان بەرامبەر بە ژنان لە هەڵكشاندان و پاشەكشەیان نەكردووە، لەولاشەوە حزبەكانی سیاسی و دەسەڵاتە گشتییەكان ئەوەندە یارمەتیدەر نەبوون لە دەركەوتنی تواناكانی ژنان، بەڵام پێ دەچێت رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لە رەخساندنی زەمینە بۆ دەركەوتنی تواناكانی ژنان، ئەو بارودۆخە پێچەوانە بكەنەوە.
هەولێر- سەروین شێخانی