گەنجێکی نابینا پێشکەشکارە و سێ ئامێری میوزیک دەژەنێت

:: AM:11:13:19/01/2019 ‌
گەنجێکی نابینای شاری سلێمانی، ماوەی 15 ساڵە سەرقاڵی فێربوونی ئامێری میوزیکە، ئێستە شارەزایی لە ساز، سایزەر و دەف پەیدا کردووە.

دابان عەلی تەمەنی 26 ساڵ و لە دایکبووی سلێمانیە، لە خێزانێکی هەشت کەسیدا دەژی و سەرجەم خێزانەکەی کەسانی ئاسایین، بەڵام تەنها دابان لە زگماکیەوە نابینایە و لە بەرانبەریشدا توانا و بەهرەیەکی زۆری هەیە.

پێش 15  ساڵ لە سەنتەرێکی تایبەت بە نابینادا دابان خولی تایبەت بە میوزیکی بینیووە، پاشان ئامێری ساز و سایزەری کڕیووە و ڕۆژانە پرۆڤەی پێ دەکات و شارەزایی باشیشی لەو دوو ئامێرەدا پەیدا کردووە. جگە لەو دوو ئامێرە، دابان لە دەفیش دەزانێت و خوازیارە شوێنێکی تایبەت بە خۆی هەبێت تاکوو لەو ڕێگەیەوە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسانی ساغیش فێری ئامێرە میوزیکیەکان بکات.

سەبارەت بە ئاستی ڕێزگرتنی کەسانی وەک خۆی لە کوردستان، دابان بۆ "وشە" گوتی: من خەون و ئاواتم هەیە کە خول بۆ خەڵک بکەمەوە و فێری ئامێرە میوزیکییاکانیان بکەم، بەڵام لە سەنتەرەکانەوە قبوڵکراو نیە کە من نابینام و خول بکەمەوە، لەبەرئەوەی لە تواناکانمان ڕانابینرێت و سیقە بە تواناکانمان ناکرێت.

لەگەڵ هەبوونی بەهرەی هونەری لە داباندا، حەزی پێشکەشکاریش تێیدا گەشەی کردووە، هەربۆیە لە ڕادیۆیەک دەستی بە کاری پێشکەشکاری کردووە و هەفتانە لە بەرنامەیەکدا بە ناوی "ڕۆشنایی" کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەسەردەکاتەوە و کێشە و گرفت و تواناکانیان پیشانی خەڵک دەدات، لە ڕێگەی بەرنامەکەیەوە ئەو کەسانە بە سەرمایەدار و حکومەت دەناسێنێت، تاکوو هاوکارییان بکات لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان، بۆئەوەی سوود لە تونا و شارەزاییەکانیان ببینرێت.

دابان ئاواتی هەیە لە بواری پێشکەشکاریدا بەرەوپێش چوونی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و خەونی بۆ داهاتوو هەیە کە ستۆدیۆیەکی دەنگی هەبێت، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە هەم کاری هونەری بۆ هونەرمەندان بکات  و هەمیش پرۆژەی کردنی کتێب بە دەنگ بۆ نابینایان بە ئەنجام بگەیەنێت و ئیتر کەسانی نابیناش سوود لەو کتێبانە ببینن کە حەز بە خوێندنەوەی دەکەن و بێبەش نەبن لە ناوەڕۆکەکەی.

وشە/ ئاریان محەمەد










وشە - ڕێناس شابان