هۆكاری گرانبوونی غاز لە هەولێر ئاشكرا دەكرێت

:: PM:12:05:19/01/2019 ‌
ماوەی چوار ڕۆژە غازی ماڵان لە هەولێر گران بووە و هاووڵاتییانی نیگەران كردووە بە جۆرێك بوتڵێك غاز لە هەولێر گەیشتووە بە 15 هەزار دیناری عێراقی.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی كانوونی دووەم، حەكیم لوقمان خاوەن بریكاری لە كارگەی غازی هەولێر بۆ "وشە" گوتی، گرانبوونی غاز دەگەڕێتەوە بۆ نەهاتنی غاز لە چەمچەماڵ و قادر كەرەم كە كێشە لە گواستنەوەی بۆڕییەكان هەبوو.

ئەو خاوەن بریكارە ڕای گەیاند، كێشەكە ئەمڕۆ چارەسەر كراوە لە ڕۆژانی ڕابردوو بەشێوەی پێویست غاز بۆ هەولێر نەدەهات، بەڵام ئەمڕۆ ڕەوشەكە ئاسایی بووەتەوە و كێشە تەكنیكییەكە چارەسەر كراوە و غاز بۆ سەرجەم كارگەكان هاتووەتە ناردن و هەموو بریارەكان بەشە غازی خۆیان وەرگرتووە.

ئاشكرای كرد، غاز لە ئەمڕۆە بە نرخی پێشووی دەفرۆشرێتەوە و هەر بریكارێك پێشێلكاری بكات و نرخە بەرز بكاتەوە سزا دەدرێت و ژمارەی سكاڵاش لەسەر هەموو ئۆتۆمبێلەكان هەیە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە بەختیار پشدەری بەڕێوەبەری دابەشكردنی غازی هەولێر كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو.

شاری هەولێر بەشێوەیەكی گشتی 18 كارگەی غازی هەیە و لەو ژمارەیش هەر كارگەیەك دەتوانێت ڕۆژانە غاز بە 15 ئۆتۆمبێلی غاز گواستنەوە بدات.




وشە - رامیار جەواد