ئەمەریكا و رووسیا.. لە پەنجەرەی پێشخستنی مووشەكەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ جەنگی سارد

:: PM:03:46:19/01/2019 ‌
دوای راگەیاندنی پلانی ستراتیجی مووشەكی، رووسیا دەڵێ هەنگاوە نوێیەكەی ئەمەریكا دەبێتە دەستپێكی پێشبڕكێیەكی مەترسیداری گەڕێكی تری جەنگی سارد و گورزێكی كوشندەش دەبێت بۆ سەقامگیری دنیا. رووسیا هۆشداری دەدات و دەڵێ دەرفەتی گفتوگۆ ماوە پێش ئەوەی بكەوینە جەنگێكی تری سارد و تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری دنیا.

كۆتایی هەفتەی رابردوو، ئەمەریكا پلانی ستراتیجییەكی نوێی بەرگری مووشەكی راگەیاند، بەپێی بەیاننامەی كۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە نیازە لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ستراتیجێكی نوێی بەرگری مووشەكی رابگەیەنێت كە لە كاتی دەستپێشخەری جەنگی ئەستێرەكان لە سەردەمی رۆناڵد ریگان سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا، ئەو وڵاتە بەخۆیەوە نەدیوە.

بەرپرسانی ئیدارەی كۆشكی سپی لە قسەكردنیان بۆ میدیاكان ئاماژەیان بەوە داوە كە رەنگە ترەمپ پشت ببەستێ بە راسپاردەی دووبارە بنیادنانەوەی توانا بەرگرییە مووشەكییەكان و دانانی ئامێرێك لە بۆشایی ئاسمان بۆ دەستنیشانكردنی مووشەكەكان، تا زووتر سوپای ئەمەریكا ئاگادار بكاتەوە لەو مووشەكانەی ئاراستەیان دەكرێت.

بەرپرسان دەڵێن، ئەو پێداچوونەوەیە رەنگە پێشنیاری دامەزراندنی بنكەی سێیەم بێنێتە پێشەوە بۆ بڵاوكردنەوەی مووشەك، لەگەڵ دامەزراندنی دوو بنكەی تری مووشەكی لە ویلایەتەكانی ئالاسكا و فاندنبۆرگ و كالیفۆڕنیا.
 
بەرپرسانی ئەمەریكی بە گرنگی باس لە راپۆرتەكە وەزارەتی بەرگری دەكەن كە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ ئامادەیان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نوێیەكان لە وڵاتانی كۆریای باكور و ئێران، هاوكات گرەنتیدان بە ئەمەریكا كە بەسەر ركابەرەكانی وەك چین و رووسیا دەكەوێت لە دروستكردنی نەوەی نوێی مووشەكی كرووز و بالستی كورتمەودا.

لە بەرانبەر هەوڵەكانی ئەمەریكا، رووسیا دەڵێ بەرنامە مووشەكیەكەی ئەمەریكا دەبێتە هۆی هێنانە پێشەوەی پێشبڕكێیەكی مەترسیداری ئاسمانی و هاوشانی بەرنامەی جەنگی ئەستێرەكان دەبێتە هۆی تاقیكردنەوەی چەندان مووشەكی ئەتۆم كە لە سەردەمی جەنگی سارد روویان دا. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش دا بەرنامەكەی ئەمەریكا گورزێكی كوشندە دەبێت لە سەقامگیری ئاسایشی نێودەوڵەتی.

رووسیا دووپات لە گفتوگۆ دەكات لەسەر پرسی هاوسەنگی چەكی ئەتۆم پێش ئەوەی دەرفەتی گفتوگۆ لە دەست دەربچێت، دەڵێ پلانەكەی ئەمەریكا ئاماژەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە، بەمەش گورزێكی كوشندە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە دڵگرانە بەو خاڵانەی لە پلانی پێشخستنی چەكی بەرگی مووشەكی ئەمەریكا بۆ ئاسمان هاتووە، چونكە پلانە ستراتیجییەكە گڵۆپی سەوز هەڵدەكات بۆ دامەزراندنی بنكەی مووشەكی هێرشبردن لە ئاسماندا، بۆیە هەر بیركردنەوەیەك لە وەها پلانێك، ئەوا بێگومان دنیا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێشبڕكێی ئاسمانی كە دەرئەنجامی زۆر مەترسیدار و نەرێنی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری دنیا لێ دەكەوێتەوە.

هۆشدارییەكانی رووسیا لە كاتێكدایە، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پلانەكە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئاشكرا بكات، ئەو لە بارەی پلانەكە دەڵێ، زۆر بە سادەیی مەبەستمانە گرەنتی ئەوە بدەین كە دەتوانین بەرەنگاری هەر هێرشێك ببینەوە كە دەكرێتە سەر ئەمەریكا لە هەر جێیەكی دنیا و لە هەر كات و شوێنێك.

ئێستە ئەمەریكا سەرقاڵی توێژینەوەیە لەسەر پلانە ستراتیجی بەرگری مووشەكی بە بڵاوكردنەوەی مووشەك لە ئاسمان بە جۆرێك توانای هەڵدانە خوارەوە و تێكشكاندنی هەر مووشەكێكی دوژمنی هەبێت، ئەمەش بە گەڕانەوە دادەنرێت بۆ پلانی سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا رۆناڵد ریگان كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بوو، بە جەنگی ئەستێرەكان ناوی دەكرد.
 
پلانەكەی ئەمەریكا پێویستی بە وەبەرهێنان و دابینكردنی بودجەیەكی زەبەلاح دەبێت بۆ دروستكردنی و دەستخستنی تەكنەلۆجیایەكی وەها پێشكەوتوو، كە خێراییەكەی لە خێرایی دەنگ زیاتر بێت بۆ خستنە خوارەوەی مووشەكی دوژمن، كە ئێستە چین لەم بوارەدا پێشكەوتنی گەورەی تۆمار كردووە.

بەرپرسانی ئەمەریكی لە وەزارەتی بەرگری دەڵێن، بەرگری مووشەكی ئەمەریكا زۆر سنووردارە و بەرگەی بەرپەرچدانەوەی یەك هێرشی مووشەكی هەیە كە رێگر بێت لەوەی نەكەوێتە سەر زەوییەكەی، ئەمەش كەموكوڕییەكی زۆر گەورەیە بەرانبەر بە توانا مووشەكییە ئەتۆمییەكانی رووسیا و چین.

جەنگی ئەستێرەكان كە چەمكێكی سەربازییە و لە سەردەمی رۆناڵد ریگان سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا لە (1981- 1989)، كە بە یەكێك لە جەماوەریترین سەرۆكی ئەمەریكا دادەنرێت. ئەو چەمكە ئەو دایهێنا و ئامانجیش لێی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی مووشەكی بوو بۆ سەر ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی بە مووشەكی بالیستی، كە لەو كاتەدا لەگەڵ یەكێتیی سۆڤیەتی پێشتر لە جەنگی سارد بوون.

 راگەیاندنی جەنگی ئەستێرەكان، وایكرد یەكێتیی سۆڤیەت هاوشانی ئەمەریكا بكەوێتە جەنگی پێشخستنی توانا سەربازی و مووشەكییەكانی، بەمەش ئابووری یەكێتیی سۆڤیەت پووكایەوە بەهۆی خەرجییە زۆرەكانی بواری سەربازی، كە بەیەكێك لە فاكتەرەكانی داڕووخانی یەكێتیی سۆڤیەت دادەنرێت كە ساڵی 1990 پارچە پارچە بوو، لەمەشدا ریگان بە ئەندازیاری پارچە پارچەبوونی سۆڤیەت دادەنرێت.



وشە - فه‌رمان سادق