قایمقامییەتی هەولێر: ئەگەر غاز گران بوو پێوەندیمان پێوە بكەن

:: PM:04:12:19/01/2019 ‌
قایمقامی هەولێر لەسەر گرانبوونی نرخی غاز ئاگەداری هاووڵاتییان دەكاتەوە هەر كەسێك غازی بە گران فرۆشت، ئاگەدارمان بكەنەوە، چونكە هیچ كێشەیەكی دابینكردنی غاز نییە.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی كانوونی دووەم، قایمقامی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكی هاتووە، ئاگەداری هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەكەینەوە، هیچ تەنگژەیەك لە بەرهەمهێنانی غازدا نییە، بەشێوەیەكی ئاسایی سەرجەم بریكارەكانی ناو شاری هەولێر ڕۆژانە غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكەن.

لە ئاگەدارییەكەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتییانش دەكەین هەر ئۆتۆمبێلێكی دابەشكردنی غاز، لە نرخی خۆی غازی بەگرانتر فرۆشت ژمارەی تەلەفۆن و بریكارنامەكەی وێنەی بگرن و ڕاستەوخۆ بۆ پەیجی قایمقامیەتی بنێرن بۆ ئەوەی ڕێكاری یاسایی لەگەڵ بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی كانوونی دووەم، حەكیم لوقمان خاوەن بریكاری لە كارگەی غازی هەولێر بۆ "وشە" گوتی، گرانبوونی غاز دەگەڕێتەوە بۆ نەهاتنی غاز لە چەمچەماڵ و قادر كەرەم كە كێشە لە گواستنەوەی بۆڕییەكان هەبوو.

ئەو خاوەن بریكارە ڕای گەیاند، كێشەكە ئەمڕۆ چارەسەر كراوە لە ڕۆژانی ڕابردوو بەشێوەی پێویست غاز بۆ هەولێر نەدەهات، بەڵام ئەمڕۆ ڕەوشەكە ئاسایی بووەتەوە و كێشە تەكنیكییەكە چارەسەر كراوە و غاز بۆ سەرجەم كارگەكان هاتووەتە ناردن و هەموو بریارەكان بەشە غازی خۆیان وەرگرتووە.

ئاشكرای كرد، غاز لە ئەمڕۆوە بە نرخی پێشووی دەفرۆشرێتەوە و هەر بریكارێك پێشێلكاری بكات و نرخە بەرز بكاتەوە سزا دەدرێت و ژمارەی سكاڵاش لەسەر هەموو ئۆتۆمبێلەكان هەیە.

ئەمە لە كاتێكە غازی حكوومی لە هەولێر بە حەوت هەزار و 500 دینارە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەو نرخە گەیشتە دوو هێندە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە بەختیار پشدەری بەڕێوەبەری دابەشكردنی غازی هەولێر كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو.

شاری هەولێر بەشێوەیەكی گشتی 18 كارگەی غازی هەیە و لەو ژمارەیش هەر كارگەیەك دەتوانێت ڕۆژانە غاز بە 15 ئۆتۆمبێلی غاز گواستنەوە بدات.



وشە - رامیار جەواد