عێراق خۆی بۆ ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز ئامادە دەكات

:: PM:05:48:19/01/2019 ‌

عێراق لە چەند ساڵی دوایی تووشی چەندان تەنگژەی سەخت بووەوە، لە سیاسی و تەناهی و ئابووری و هیتریش كە چاودێر بۆ دۆخی ئەو وڵاتە بە روونی هەست بە لەرزۆكی پرۆسە سیاسییەكەی و بنەمای بەدەوڵەتبوون و بڕیارەكانی دەكات، ئەوەیش ئاماژەی باش نین بۆ داهاتوو، لەو ناوەدا وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵی راكێشانی دوو لوولەی نەوتی نوێ بەرەو توركیا و ئوردن دەدات، بەمەبەستی زیادكردنی داهات و وەك خۆسازدانێك بۆ ئەگەری دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە دوو رۆژی رابردوودا نیازی عێراقی ئاشكرا كرد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی راكێشانی دوو لوولە نەوتی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی كێڵگەكانی كەركووك بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا و ئەویتریان لە كێڵگەی رمێلە لە بەسڕەوە بەرەو بەندەری عەقەبەی ئوردنی، جیا لە بەستنەوەی تۆڕی لوولەكانی گواستنەوەی نەوتی باكور و باشووری عێراق، لەناو دووپاتكردنەوەی پێویستی عێراق بە زیادكردنی توانای سەرچاوەی داهاتە نەوتییەكانی بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی پێیدا دەڕوات، وەك شارەزایان گوتیان.

غەزبان گوتی، وەزارەتی نەوت پلانێكی بۆ جۆراوجۆركردنی دەروازەكانی هەناردنی نەوتی خاو ئاماژدە كردووە و كاریش بۆ دانانی پڕۆگرامی تایبەت بە هەناردنی نەوت لە كێڵگەی رمێلە لە بەسڕە لە رێگەی بەندەری عەقەبەی ئوردنی و پەلەكردن لە دامەزراندنی لوولەیەكی شوێنگرەوەی لوولەی كۆنی هەناردنی نەوتی كەركووك بەرەو بەندەری جیهانی توركیا كە ئەو پڕۆژانە توانای زیاتر دەبەخشنە عێراق.

لەو بارەوە هەمام شەماع، شارەزای ئابووری دەڵێت، عێراق بە دۆخێكی زۆر سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت كە بریتین لە وێرانبوونی ناوچەكانی داعش داگیری كردبوون وەك پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار، بۆیە پێویستی بە زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە، بە تایبەتی كە خاوەن یەدەگێكی گەورەی نەوتە كە دووەم گەورە یەدەگی نەوتی ئۆپێكی هەیە لە دوای سعوودیە، بۆیە راكێشانی ئەو دوو لوولە نەوتییە پرسێكی زۆر پێویستە بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی زیاترین بڕی نەوت.

زیاتر گوتی، ئەگەریش هەیە كە راكێشانی ئەو دوولە نەوتییە بۆ خۆئامادەكردنی عێراق بێت بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی ئەمەریكا و ئێران و وەستانی جموجۆڵی هەناردنی نەوت لە رێگەی كەنداوەوە، ئەگەرچی ئەگەرەكە تا رادەیەك دوورە و ئەو بابەتە دەیان ساڵە جێی باسكردنە و تەنگژە سیاسییەكانی ناوچەكە دووبارە دەبنەوە و باسی داخستنی گەرووی هورمز دەكرێت و ئەگەری داخستنی كراوەیە. ئەگەرچی كەسانێك هەن بیر لە دۆزینەوەی شوێنگرەوەی بەكارهێنانی گەرووی هورمز دەكەنەوە لە فرۆشتنی نەوت، جا لە رێگەی لوولەی نەوتی عێراق-سعوودیە بەرەو دەریای سوور یان عێراق -ئیمارات بۆ دەریای عەرەب بێت. 

شەماع ئاماژەی كرد، زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لەو دۆخەی ئێستە كارێكی ئەرێنییە بۆ ئابوورییەكەی، چونكە ئێستە رێژەی كورتهێنانی بودجەكەی كە نرخی بەرمیلێك نەوت تیایدا بە 56 دۆلار حسێب كراوە، دەگاتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی كە پارەیەكی زۆر زۆرە، بۆیە ئەگەر نرخی نرخی نەوت وەك ئێستە هەیە 40-42 دۆلار حسێب بكرێت، رێژەكە زیاتر دەبێت، بۆیە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان زۆر گرنگ دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لە ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.

هێڵی گواستنەوەی نەوتی كەركووك-جیهان لە ساڵانی رابردوو دووچاری هێرشەكانی رێكخراوی داعش هاتەوە و بووە هۆی وەستانی تەواوەتی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك و بەوەیش بەغدا ناچار بوو بۆ بەستنەوەی كێڵگەكانی كەركووك بە لوولەیەكی تری هەرێمی كوردستان بۆ مسۆگەری بەردەوامی هەناردنی نەوتی كێڵگەكانی بای حەسەن و هاڤانا لە باكوری رۆژئاوای كەركووك، كە رۆژانە بڕی 350 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەنادرە دەكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی سیاسی نێوان بەغدا و هەرێم دووبارە هەناردن وەستایەوە بەر لەوەی مانگی رابردوو بە شێوەیەكی سنووردار هەناردن دەست پێ بكاتەوە. 

ئەحمەد جاسم، ئەندازیار لە كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، لە 2012ەوە لوولە نەوتی كەركووك-جەیهان تووشی زیاتر لە 150 تەقینەوە هاتووەتەوە و بڕیاری راكێشانی لوولەیەكی تری نوێ پڕۆژەیەكی ستراتیجی عێراقییە، ئاشكرای كرد كە ئەو لوولە نەوتییە لە پارێزگای نەینەواوە بەرەو سنوورەكانی توركیا رادەكێشرێت و ئەو كێشەی لە هەناردن هەیە لە رێگەی لوولە نەوتی هاوبەش لەگەڵ كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات.  

لای خۆیەوە عومەر دەراجی، شارەزا لە بواری وزە روونی كردەوە، پشتبەستنی عێراق بە رێژەی 90% بە داهاتی فرۆشتنی نەوت وای كردووە بیر لە مسۆگەركردنی بەردەوامی هەناردنەكەی بكاتەوە تا كاتی دروسبوونی ململانێكان كە رەنگە وا بكەن ئێران پەنا بۆ داخستنی گەرووی هورمز ببات وەك چۆن ساڵی رابردوو هەڕەشەی كرد، بۆیە هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری عەقەبە كڕیاری نوێش بۆ نەوتی عێراق دابین دەكات و دەبێتە ركابەرێك بۆ نەوتی سعوودیە كە نەوتی عێراق كوالیتی باشترە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل