سبەی شەو جوانترین دیمەنی مانگ گیران لە نزیكترین خاڵیدا لەگەڵ زەوی روودەدات

:: PM:06:01:19/01/2019 ‌

چاوەڕوان دەكرێت سبەی شەو دیاردەی مانگ گیران لە دنیا رووبدات، ئەمەیش دەبێتە یەكەمین رووداوی فەلەكی لە 2019، لەو كاتەی زەوی دەكەوێتە نێوان مانگ و رۆژ.

مانگ گیران، یان مانگ سوور بوون، دیاردەیەكی فەلەكییە و ساڵی رابردووش لە مانگی كانوونی دووەم روویدا، بەڵام ئەمساڵ لەو كاتەی دیاردەكە روودەدات لە سەعات پێنج و 36 خولەكی بەیانی رۆژی 21ی كانوونی دووەم، لە كوردستان بەشێكی لێ دەبینرێت نەك بە تەواوەتی.

مانگ گیرانی ئەمساڵ، لە وڵاتانی رۆژئاوا، لە ئەمەریكا سەعات نۆی شەوی دادێ بە تەواوەتی دەبینرێت، بۆ وڵاتانی گرینلاند و ئایسلەندا و ئێرلەندا و بەریتانیا و نەرویج و سوید و پورتوگال و فڕەنسا و ئیسپانیا و مەغریب، لەو كاتەدا دەتوانن مانگ گیرانەكە ببینن كە ئاسمان بێ گەردە و هەور نییە.

 بەڵام وڵاتانی تری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بەشێك لە دیمەنی مانگ گیرانەكە لە بەرەبەیانی رۆژی 21ی كانوونی دووەم دەبینن. 

هەرچی وڵاتانی ئاسیا و ئوسترالیا بێ بەش دەبن لە بینینی مانگ گیرانەكە، بەڵام دەتوانن لە رێگەی ئەو ماڵپەڕانەی تایبەت بە هەواڵە فەلەكییەكان كە راستەوخۆ دیمەنەكان دەگوازنەوە، دیمەنی سوور بوونی مانگ ببینن.

مانگ گیرانەكە بەمجۆرەیە، مانگ بە تەواوەتی دەردەكەوێت و لە نزیكترین خاڵدایە لەگەڵ هەسارەی زەوی، سووربوونی مانگ لەو كاتە روودەدات كە زەوی دەكەوێتە نێوان رۆژ و مانگ.

ئەژی چەتۆ فەلەكناس دەڵێ، بۆیە لەم دەمەدا مانگ سوور یان پرتەقاڵی دەبێت، چونكە دوو تشكەكەی رۆژ كە زۆرترین مەودا دەبڕن بە بەراورد بە تیشكەكانی تر، ئەو دوو تیشكە بەر رووبەری مانگ دەكەون و رەنگی سوور یان پرتەقاڵی دەكەن.

ئەژی گوتی "روودانی مانگ گیرانی ئەمساڵ لە كوردستان لە سەعات پێنج و 36 خولەكی بەیانی دەبێت كە لەو دەمەدا ئاسمان بەرەو ئاسۆ دەچێت، بۆیە زۆر بە كەمی هەستی پێ دەكرێت".

هەریەكە لە ماڵپەڕی "فیرچیواڵ تیلسكۆپ" و "گرفیس" و "تایم ئاند دات" و "تۆڕی ئاسمان و گەردوون" و "كەناڵی فەلەك" دیمەنی مانگ گیرانەكە راستەوخۆ بڵاودەكەنەوە و دەتوانن لە ماڵپەڕەكانیان بینەری دیمەنە جوانەكانی ببن.



وشە - فه‌رمان سادق