داڤەرست لە جیاتی پرد..گوندنشینانی شیلادزێ‌ تا ئێستە بە چووپ و كەڵەك دەپەڕنەوە

:: AM:09:45:27/12/2016 ‌

بەشێك لە گوندنشینانی سنووری شارەدیێ‌ شێلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە بە داڤەرست لە رووبار دەپەڕنەوە، ئەوان چاوەڕوانی ئەوە بوون حكوومەتی هەرێم پردێك لەسەر رووبارەكە بۆ پەڕینەوە دروست بكات، بەڵام ئێستە داڤەرستەكەشیان نەماوە و ناچارن بە چووپی ئۆتۆمبێل بپەڕنەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی گوندنیشەكان دروست كردووە.

یوسف تاهیر هلوری دانیشتووی گوندی هلوری سەر بە شارەدیێ‌ شێلادزێ‌ بە "وشە"ی راگەیاند، بەدرێژایی دەیان ساڵ خەڵكی گوندەكانی ناوچەكە بۆ پەڕینەوە لە رووباری ئاڤاشین داڤەرستیان بەكار هێناوە، بەو هۆیەوە كە لەلایەن حكوومەتەوە هیچ پردێك بۆ پەڕینەوە دروست نەكراوە.

هلوری دەڵێ‌، "ئەوەی جێگەی داخە لە جیاتی ئەوەی كە داڤەرستەكە بكرێتە پرد، ئێستە داڤەرستەكەش لێ كراوەتەوە و گوندنشینان ناچارن بە چووپی ئۆتۆمبێل لە ئاوی رووبارەكە بپەڕنەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات".

لێكردنەوەی داڤەرستەكە، لەلایەن خاوەن باخ و بێستانەكانی دەڤەرەكەوە بووە، بەو هۆیەوە كە دانیشتووانی كۆمەڵگەی سیریێ‌ و شێلادزێ‌ بەو داڤەرستە پەڕیونەتەوە و زیانیان بە رەز و باخی جووتیاران گەیاندووە لەلایەك و لەلایەكی تر، كەسانێكی زۆر و بەتایبەت منداڵان بۆ كات بەسەربردن بەكاریان هێناوە كە ئەوەش جارێكی تر كێشەی بۆ خەڵكەكە و مەترسی بۆ بەكارهێنەران دروست كردووە.



زیاتر دەڵێ‌، "ئێستە 70% هاووڵاتییانی ئەو گوندانە ناتوانن لە رووبار بپەڕنەوە، بەهیچ شێوەیەك منداڵ و ئافرەت ناتوانن بە چووپ لە رووبار دەرباز ببن".

دانیشتووانی گوندەكانی ساركێ‌، خواستو ژێری، خوساتو ژووری، هلوری و شنیێ‌ پێشتر بە رێگەی داڤەرست بەسەر رووباردا دەپەڕینەوە و خۆیان دەگەیاندە شارەدێی شیلادزێ‌، لەو ساڵانەدا پردێكی سادە لەسەر رووبارەكە دروست كراوە، بەڵام بەهۆی دووری پردەكە لە گوندەكانەوە، هاووڵاتییان ناتوانن سوودی لێ‌ ببینن.

سیپان عەبدولخالق گوندنشینێكی تری ناوچەكەیە و بە "وشە" دەڵێ‌، "بۆ ئەوەی ئێمە بگەینە شوێنی مەبەست كە نەخۆشخانە و بازاڕ و فەرمانگە حكوومییەكانن، دەبێت بۆ ماوەی سێ‌ سەعات بە پێ‌ بڕۆین، چونكە هیچ رێگەیەكی تر نییە".

داڤەرست لە سندووقێكی بچووك پێك هاتووە كە بەهۆی تەنافێكەوە لەمبەر و ئەوبەری رووبارێك رادەكێشرێت، هاووڵاتییان دەچنە ناو سندووقەكە و بەهێزی دەست ئەو تەنافە رادەكێشن كە سندووقەكەی پێوە گرێ دراوە تا سندووقەكە دەگاتە كەناری رووبارەكە، ئەوەش هێزی راكێشانی تەناف و سندووقەكەی پێویستە و هەموو كەسێك توانای راكێشانی نییە.

رۆژهاد رێكانی نقومڤان (مەلەوان) لە بنكەی بەرگریی شارستانی شێلادزێ‌ بۆ "وشە"ی روون كردەوە، كە ژیانی دانیشتووانی ئەو گوندانە بەهۆی نەبوونی پرد و داڤەریستەوە لە مەترسیدایە.



ئەو دەڵێ‌، "پاش لێكردنەوەی داڤەرستەكە، گوندنشینەكان ناچار بوون بە چووپی ئۆتۆمبێل لە رووبار بپەڕنەوە، تەنانەت ژمارەیەك لە مامۆستایانی گوندەكە بەهەمان شێوە هەر بە چووپ هاتوچۆ دەكەن و ئۆتۆمیبێلیان نییە، ئەوەش لە وەرزی زستاندا كێشەیان بۆ دروست دەكات، لەكاتێكدا خودی پەڕینەوە بە چووپ مەترسی بۆ هەموو خەڵكەكە دروست دەكات".

زیاتر دەڵێ‌، "ئەو پردەی لە نێوان شیلادزێ‌ و گوندەكان دروست كراوە، زۆر دوورە لە ئاوەدانییەوە، لەبەرئەوە خەڵكەكە ناتوانن بەكاری بێنن، جگەلەو هاووڵاتییانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە".

رێكانی ئاشكرای كرد، پێشتر بەهۆی چووپ و كەڵەك، زیاتر لە 15 هاوڵاتی سنووری دەڤەری ئامێدی خنكاون.

ئەیسەر جەرگیس بەڕێوەبەری شارەدیێ‌ شێلادزێ‌ بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، ئەو پردەی لەلایەن حكوومەتەوە لەسەر رووبارەكە دروست كراوە، بەهۆی دووری لە گوندەكانەوە سوودی لێ‌ وەرناگیرێت.

ئەو زیاتر دەڵێ‌، "بڕیار بوو پردێكی تر لە نێوان كۆمەڵگەی سیریێ‌ و گوندەكانی ئەوبەر كۆمەڵگەكە دروست بكرێت، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە حكوومەت ناتوانێت ئێستە پردەكە دروست بكات".

رووبارەكانی ئاڤا شین و زێی بچووك بە سنووری شارەدیێ‌ شێلادزێ‌ تێپەڕ دەبن، لەسەر ئەو هەردوو رووبارەكە لەلایەن گوندنشینانەوە سێ‌ داڤەرست دروست كراون و 90%ی هاتوچۆی ئەو گوندنشینانە بەهۆی داڤەرستنەكانەوەیە.

وشە/ ئامێدی- نەوزاد هلوری








وشە - تایبه‌ت