چێڵسیش هاتە نێو ركابەرییەكانی كڕینی كۆتینیو

:: AM:10:17:20/01/2019 ‌

یانەی چێڵسی ئینگلیزیش دەستی بە گفتوگۆكان كرد لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی.

كۆتینیو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی پارساڵ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد بە 142 ملیۆن پاوەن و لەگەڵ ئەو یانەیەش ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیای بردەوە، بەڵام تا ئێستا نەبۆتە جێگەی باوەڕ و بایەخی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری تیپەكەی.

رۆژنامەی (ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: یانەی چێڵسی هاتۆتە نێو بازنەی ركابەرییەكان لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیۆ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە بەرپرسانی یانەی چێڵسی بۆ رازیكردنی یانەی بەرشەلۆنە و كڕینی كۆتینیو ئامادەیی خۆیان پێشانداوە زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەن خەرج بكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش ماوەیەكە هەوڵەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە دەست پێ كردووە.

جێی باسە كۆتینیو لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تەنیا لە 10 یارییدا بەشدار بووە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بە ئاستەكانی ڤالڤێردی لە خۆی رازی بكات و بەمەش لە زۆربەی یارییەكاندا لە شوێنی ئەو عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی یاریی پێ كراوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م