له‌ ئه‌گه‌ری دابینكردنی بودجه‌ تونێلی پیرمام – كۆڕێ بۆ نه‌ورۆز ده‌كرێته‌وه‌

:: PM:01:02:20/01/2019 ‌
84%ی پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ كراوه‌
 
پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێ و تونێلی "پیرمام – كۆڕێ"  به‌ درێژایی دوو هه‌زار و 950 مه‌تر له‌ 9/12/2010 له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئیلجی توركی، به‌گوژمه‌ی 152 ملیۆن و 823 هه‌زار و 766 دۆلار چووه‌ بواری جێبه‌جێكردن و تا ئێسته‌ ته‌واو نه‌كراوه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كه‌ ده‌ڵێت، "بۆ ته‌واوكردنی 20 ملیۆن دۆلار پێویسته‌، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ كاش بدرێ، به‌ سێ مانگ ته‌واوی ده‌كه‌ین".

شه‌ریف سلێمان كه‌ شوفێره‌ و له‌ نێوان "هه‌ولێر – سۆران" هاووڵاتییان ده‌گوازێته‌وه‌، بۆ "وشه‌" گوتی،  ته‌واوكردنی تونێلی پیرمام بۆ شوفێر سوودی یه‌كجار زۆری هه‌یه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌هۆی دووسایدی رێیه‌كه‌ سه‌لامه‌تتره‌، رێیه‌كه‌ش چه‌ندان كیلۆمه‌تر كورت ده‌بێته‌وه‌ و به‌مه‌ش ئاسانكاری بۆ هاتوچۆ دروست ده‌بێت.

ئه‌و شوفێره‌ ده‌ڵێ "ته‌واوكردنی تونێلی پیرمام – كۆڕێ بۆ هاووڵاتییانی كوردستان و ده‌ڤه‌ری سۆران سوودی زۆره‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ گه‌شتیارییه‌ و خه‌ڵكی شاره‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیش بۆ گه‌شت روو له‌ سۆران و رواندز ده‌كه‌ن، له‌ هه‌موو وڵاتانیش كه‌رتی گه‌شتوگوزار گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ سوودی بۆ حكوومه‌تیش هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ رێگه‌وبانه‌كانیش به‌شێوه‌ی ئه‌ندازه‌یی چاك بكرێن". 

له‌ رێی "وشه‌"وه‌ داوا له‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین هه‌موو هه‌وڵێك بدات بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكێكی زۆری له‌سه‌ره‌. شۆفێره‌كه‌ وای گوت.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، ماوه‌یه‌كه‌ گرنگی به‌ دروستكردنی تونێل ده‌دات و به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایانی بواری رێگه‌وبانیش بێت، دروستكردنی تونێل سوودی زۆره‌.

چه‌تۆ محه‌مه‌د جوامێر به‌رپرسی هۆبه‌ی ته‌كنیك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگه‌وبانی هه‌ولێر، به‌"وشه‌"ی راگه‌یاند، "زیاتر له‌ هه‌شت ساڵه‌ تونێلی سه‌ڵاحه‌دین – كۆڕێ به‌مه‌ودای دوو كیلۆمه‌تر و 950 مه‌تر له‌ جێبه‌جێكردندایه‌، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی ته‌واو نه‌كراوه‌. جگه‌ له‌ تونێل، شه‌قامێكی دووسایدیشی له‌گه‌ڵ دروست ده‌كرێت كه‌ به‌ درێژایی زیاتر له‌ شه‌ش كیلۆمه‌تره‌ و به‌ یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ ستراتیجی و گرنگه‌كانی سنووری پارێزگه‌ی هه‌ولێر داده‌نرێت".

ئه‌و ده‌ڵێت، ئێسته‌ 84%ی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه‌ به‌كۆتا هاتووه‌، ته‌نیا قۆناغی ئه‌لیكترۆنی میكانیك ماوه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ دروستكردن و دانانی رووناكیی، هه‌واگۆڕكێ، په‌یداكه‌ری هه‌وا و چه‌ند كارێكی ترن، به‌شێكی قیرتاوكردنیش ماوه‌ و نزیكه‌ی 25 كیلۆمه‌تری له‌ رێی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – سۆران كورت ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا ده‌بێته‌ دووساید و جه‌نجاڵی هاتوچۆ نامێنێت. 

هۆزان هه‌ینی ئه‌ندازیار له‌ كۆمپانیای ئیلجی توركی و به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی تونێلی پیرمام – كۆڕێ، بۆ " وشه‌ " گوتی، "بڕیار بوو له‌ كۆتایی ساڵی 2018 تونێله‌كه‌ بكرێته‌وه‌ و كۆتا به‌كاره‌كانی بێت، به‌ڵام به‌هۆی دابین نه‌كردنی بودجه‌ی پێویست له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌، كاره‌كانیان سست بووه‌.

ئه‌و گوتی، "بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ پێویستیمان به‌ 20 ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌مان به‌ كاش پێ بدات، ده‌توانین له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا ته‌واوی بكه‌ین و به‌فه‌رمی به‌رووی هاووڵاتییان بیكه‌ینه‌وه‌. وه‌زاره‌تی دارایی و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێ داوین هه‌ر كاتێك گه‌یشتین به‌ قۆناغی (ئه‌لیكترۆنی میكانیك) پاره‌ی پێویستمان پێ بده‌ن، ئێسته‌ گه‌یشتووین به‌و قۆناغه‌ و له‌ چاوه‌ڕوانی بڕه‌ پاره‌ی پێویستین بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌".

تونێلی پیرمام – كۆڕێ، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی و ستاندارد دروست كراوه‌، تونێله‌كه‌ رێیه‌كی دووساید به‌ درێژایی شه‌ش كیلۆمه‌تری له‌گه‌ڵدایه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا ئه‌و تونێله‌ بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ و رووناكیی بۆ دابین ده‌كرێت.

چه‌ند جارێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگه‌وبان و پارێزگای هه‌ولێر داوایان له‌ خاوه‌ن پڕۆژه‌كه‌ كردووه‌ تونێله‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و له‌كاتی جه‌نجاڵی هاتوچۆ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش رێیه‌كه‌یان كردووه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌كه‌ ده‌ڵێ، به‌رپرسیار نین له‌ دروستبوونی هه‌ر رووداوێك، چونكه‌ تونێله‌كه‌ كاری تێدا ده‌كرێت و كاره‌بای بۆ دابین نه‌كراوه‌، مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌ كه‌وتنه‌وه‌ی رووداوی نه‌خوازراو، رێیه‌كه‌ كامێرای چاودێریی هاتوچۆی لێ نییه‌، هیچ تاسه‌ و په‌رژین و پاڵپشتییه‌ك بۆ رێیه‌كه‌ نییه‌ و چاڵی تێدایه‌ و چاك نه‌كراوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاتوچۆ له‌ تونێله‌كه‌ گونجاو نییه‌.

له‌ باشووری كوردستان جیا له‌ پڕۆژه‌ی پیرمام – كۆڕێ، پڕۆژه‌ی تونێلی "به‌نی هه‌ریر – دۆڵی ئالانه‌"، هه‌روه‌ها تونێلی هه‌یبه‌ت سوڵتان دوای ماوه‌یه‌كی كه‌می كاركردن وه‌ستاون و ته‌واو نه‌كراون، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگه‌وبانی هه‌ولێریش ده‌ڵێت، "بۆ ته‌واوكردنی تونێله‌كان 500 ملیار دیناریان پێویسته‌.  ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ چه‌ند تونێلێكی تر وه‌ك سۆركی شه‌قڵاوه‌، تونێلی میراوه‌ له‌ سنووری هه‌ولێر ته‌واو كراون، له‌ پارێزگای دهۆكیش تونێلی ته‌واوكراو هه‌ن .

وشه‌ / شه‌قڵاوه‌ - مورشید برادۆستی




وشە - تایبه‌ت