دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی زیاد كرد، پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات كە پڕۆژەكانی بەسڕە پێویستیان بە 700 ملیار دینار هەیە و دوای زیادكردنی بودجەكەیش، ئەگەر بەمجۆرە پەسند بكرێت ئەوا بەشی پڕۆژەكان دەكات. ئەنجوومەنی عەشایەری بەسڕەش دەڵێن، سەردانی عەبدولمەهدی نمایشی میدیایی بووە و ئەو دەتوانێت لە بەغدا كێشەكان چارەسەر بكات.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكەن كە چوار ترلیۆن دینار لە بودجەی وەزارەتەكانی كارەبا، ناوخۆ و بەرگری كەم كراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، بەمەیش پشكی هەر پارێزگایەك لە بودجەی پەرەپێدان زیاتر دەبێت لەوەی ئێستە لە بودجەی 2019 بۆی تەرخان كراوە.
وەلا عەبدولكەریم بەڕێوەبەری گرێبەستەكانی حكوومی لە دیوانی پارێزگای
بەسڕە، ئاشكرا دەكات بۆ تەواوكردنی پڕۆژە وەستاوەكانی پێشتر و دروستكردنی پڕۆژەی نوێ كە پارێزگای بەسڕە پێویستی پێیەتی، پێویستی بە 700 ملیار دینار هەیە.
بەڕێوەبەری گرێبەستەكانی پارێزگای بەسڕە، ئاماژەی بەوەدا دوای گۆڕانكارییەكانی لە بودجە كراوە، ئەو بڕەی بەر بەسڕە دەكەوێت دەتوانرێت هەموو پڕۆژە وەستاوەكانی پێشتر و ئەوانەیشی خراونەتە پلان پێ جێبەجێ بكرێت ئەگەر بودجە چیتر دەستكاری نەكرێت یان بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەستكاری نەكرێت.
جێی باسە بەسڕە لە مانگی تەمووزی رابردوو بەهۆی نەبوونی كارەبا و ئاوی خواردنەوە، هەروەها بێكاری گەنجان و دەرچووانی خوێندنی باڵا، توڕەیی خەڵكەكە ناڕەزایەتیەتی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی گەیشتە هەموو پارێزگاكانی باشوور و بەغدای پایتەختیش كە لە دەرئەنجامدا زیاتر لە 100 كەس كوژران و 800ی تریش گیران.
هەر ئەمڕۆ یەكشەم 20ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی بەسڕەی كرد، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا جارێكی تر خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لە شارەكە سەری هەڵدایەوە.
لە بارەی سەردانەكە سەرۆك هۆز و
عەشایەرەكانی ئەو شارە دەڵێن، سەردانەكە زیاتر نمایشێكی میدیایی بووە و ناتوانێت تەنگژەكانی شارەكە چارەسەر بكات، چونكە سەرۆك وەزیران دەتوانێت لە بەغداوە چارەسەری كێشەكانی بەسڕە بكات و هیچ پێویست بەو سەردانە ناكات.