زانیاری نوێ لەسەر مووچە و بودجەی كوردستان لە بەغداوە ئاشكرا دەكرێت

:: PM:08:26:20/01/2019 ‌
بە ئامانجی پارێزگاریكردن لە شایستەكانی هەرێمی كوردستان، پێنج پەرلەمانتاری كوردی لیژنەی دارایی لەگەڵ د.فوئاد حوسێن وەزیری دارایی كۆبوونەوە، پەرلەمانتارێكی بەشداری بووی كۆبوونەوەكەش دەڵێ كۆك بووین بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری بكەین بەتایبەت لەسەر مووچەی فەرمانبەران.

 كۆبوونەوەی نێوان پێنج پەرلەمانتارە كوردەكەی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی لە بەغدا كۆتایی هات، ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هەر پێنج ئەندامەكە كە نوێنەرایەتی پێنج فراكسیۆنی كوردستانی لە بەغدا دەكەن، لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی كۆبووینەوە بۆ داڕشتنی پلانی بەرگریكردن لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت مووچەی فەرمانبەران.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی بودجەی 2019، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە 454 ملیار و مووچەی پێشمەرگەش بە 68 ملیار دینار لە بودجەی سەروەری جێگیر كراوە و وابەستەی رێككەوتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە 12.67%ی پشكی كوردستان نییە كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەوڵ دەدەن ئەو بڕە بۆ 13.92%ی زیاد بكەن بە پشت بەستن بە ئاماری فەرمانگەی ئاماری عێراقی بۆ ساڵی 2018.

ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێ، هەموو پرسێكی پێوەند بە بودجە كۆتایی هاتووە تەنیا چەند خاڵێك ماون لەوانە بودجەی پەرەپێدانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە وابەستەن بە پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین و كەركووك، بە جۆرێك هەوڵ بدرێت پشكی ئەو ناوچانە دابین بكرێت بۆ دووبارە ئاوەدان كردنەوەیان، جگە لەمە هەندێك خاڵی ترماون پێوەندیان بە داواكارییەكانی هاوپەیمانی سائیروون هەیە كە هەردوو پرسەكە سبەی دووشەم 21ی كانوونی دووەم/ یەنایەر كۆتایی پێ دێت.

لە بارەی وادەی خستنەڕووی بودجەی 2019 بۆ دەنگدان لەسەری لە هۆڵی پەرلەمان، ئەحمەدی حاجی رەشید گوتی "نابێت لە 25ی ئەم مانگە تێپەڕێت".

25ی كانوونی دووەم دەكاتە رۆژی هەینی دابێت، بۆیە ئەگەری زۆرە چوارشەم یان پێنجشەم پەرلەمانی عێراق بودجەی 2019ی عێراق پەسند بكات.

بەپێ زانیارییەكان دوای هەموواری بودجە، ئێستە بودجەی خەملێنراوی عێراق 128 ترلیۆن و 400 ملیار دینارە، لەم بڕەش 22 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری كورت هێنانە، كە 75%ی بۆ خەرجی و مووچە تەرخان كراوە و 23%یش بۆ وەبەرهێنان.



وشە - فه‌رمان سادق