لە ماوەی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر بودجەی عێراق دەدرێت

:: PM:09:30:20/01/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی ناكۆكی لەسەر چەند بڕگەیەكی پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراق، پەرلەمانتاران دووپاتی دەكەنەوە كە ئەگەر هەیە لە دانیشتنی رۆژی سێشەم یان لە ماوەی ئەم هەفتەیە، دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 بدرێت، چونكە ئامادەیە بۆ دەنگدان.

حەسەن خەڵاتی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح گوتی، لە رووی شێوەییەوە رەشنووسی یاسای بودجەی 2019 ئامادەیە بۆ دەنگدان، بەڵام چەند ناكۆكییەك هەن لەسەر چەند بڕگەیەك كە دەنگدانیان دوا خستووە.

زیاتر گوتی، لیژنەی دارایی پەرلەمان بە ئامادەبوونی نوێنەری فراكسیۆنەكان كار بۆ تاوتوێكردنی ناكۆكییەكان و یەكخستنی بۆچوونەكان دەكات و پێشبینی دەكەین لە ماوەی ئەم هەفتەدا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 بدرێت. 

لای خۆیەوە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینی كرد سێشەم دەنگ لەسەر پڕۆژەكە بدرێت و گوتی، حیساباتی كۆتایی ساڵی دامەزراوە و وەزارەتەكانی دەوڵەت تا ئێستە بە ئێمە نەگەیشتووە، ئەوەیش بەهۆی نەبوونی پلانی دارایی لای ئەوانەوە.

زیاتر گوتی، زۆرینەی بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 بۆ باشتر گۆڕاون، بەتایبەتی پێوەست بە خزمەتگوزاری، ئەگەرچی تا ئێستە ناكۆكی لەسەر چەند بڕگەیەك هەیە وەك ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكان، بەڵام ئەگەر هەیە سێشەمی داهاتوو یان كۆتای ئەم هەفتەیە پڕۆژەكە بخرێتە دەنگدانەوە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل