بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە كوردستان ڕووداوێكی فەلەكی ڕووی دا

:: AM:08:31:21/01/2019 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دیاردەیەكی فەلەكی لە هەرێمی كوردستان بینرا، ئەویش مانگگیران بوو كە بەشێوەی نیمچە سێبەر بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم، ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی رای گەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ مانگگیرانی نیمچە سێبەر ڕووی دا و دەڵێ: كەسانێك بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بكەن یاخود پسپۆڕییان هەبێت، روونكردنەوە لەسەر مانگگیرانی 21ی ئەم مانگە دەدەن و شێوازی مانگگیرانەكە ‌و كاتەكەی باس دەكەن.
 
ئەژی كە هاوكات سەرۆكی ڕێكخراوی فەلەكناسانی كوردستانە گوتی،  ئەم مانگگیرانە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی مانگگیرانی نیمچە سێبەر بەدی دەكرێت، چونكە لە بەرەبەیاندا دەست پێ دەكات لەو كاتەشدا مانگ لەكاتی ئاوابووندایە و خۆر هەڵدێت.
 
لەبارەی ئەوەی ئەو مانگگیرانە لە هەرێمی كوردستان  چ كاتێك دەبیندرێت، ئاشكرای كرد، لە سەعات 6:33 خۆلەكی بەیانی بە كاتی هەولێر مانگ دەچێتە ناوچەی سێبەری تەواو، بەڵام مانگگیرانی تەواو لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەدی ناكرێت.

مانگ گیرانی سێبەر كاتێك ڕوودەدات كە مانگ دەكەوێتە دواوەی زەوی و بەشێك لە سێبەری زەوی دەكەوێتە سەر مانگ.







وشە - رامیار جەواد